تەسنیم: ئەگەری درێژکردنەوەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا هەیە
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی رایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان پێشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە. بەپێی ئاژانسەکە، گفتوگۆکان لە چوارچێوەی گشتی دەرچوون و ئێستا باس لە وردەکارییە تەکنیکییەکان دەکرێت، ئەمەش ئەگەری درێژکردنەوەی دانوستانەکان بۆ رۆژێکی دیکە هێناوەتە کایەوە.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە، دوای کۆبوونەوە و راوێژە سەرەتاییەکان، ئێستا گفتوگۆی نێوان شاندەکانی تاران و واشنتن چووەتە قۆناغێکی نوێوە. هەردوولا لە باسکردنی سەرەتا و گشتییەکان تێپەڕیون و لە هەندێک بابەتی دیاریکراودا چوونەتە ناو قووڵایی پرسە تەکنیکییەکان.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە، ئێستا پسپۆڕانی هەردوولا سەرقاڵی وردبینیکردن و تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی هەندێک پرسی گرنگن کە لە مێزی دانوستانەکاندان.
سەبارەت بە کاتی کۆتاییهاتنی دانوستانەکان، تەسنیم ئاماژەی بەوە کردووە، هەرچەندە بڕیار وابوو دانوستانەکان تەنیا بۆ یەک رۆژ بێت، بەڵام بەهۆی چڕیی پرسەکان، ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە بۆ رۆژێکی دیکە درێژ بکرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردووەتەوە کە هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر درێژکردنەوەی کاتەکە نەدراوە.
هەروەها رۆیتەرز رایگەیاندووە، دانوستانە راستەوخۆکانی نێوان شاندی ئەمریکا و ئێران بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بەردەوام بوون و ئێستا بۆ پشوویەکی کورت ڕاگیراون.