ترەمپ: ئێران زۆر بە خراپی شکستی هێناوە
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامی ئێران لەوپەڕی لاوازییەدایە. ئاشکراشی کرد، ژێرخانی سەربازیی ئێران، لە هێزی دەریایی و ئاسمانییەوە تا دەگاتە کارگەکانی دروستکردنی درۆن و مووشەک، بەتەواوی وێران کراون و ئێستا ئەمریکا سەرقاڵی پاککردنەوەی گەرووی هورمزە.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە پەیامێکدا رایگەیاند، میدیاکان بەهۆی ئەوەی تووشی نەخۆشی دژایەتیکردنی ترەمپ بوون، راستییەکان دەشارنەوە و دەڵێن ئێران لە بارودۆخێکی باشدایە، لەکاتێکدا بە گوتەی ئەو "هەمووان دەزانن ئێران شکستی گەورەی خواردووە".
ترەمپ وردەکاری زیاتری خستەڕوو و ئاماژەی بەوە کرد، هێزی دەریایی و ئاسمانی ئێران لەناوچوون، سیستەمەکانی دژە فڕۆکە و رادارەکانیان پەککەوتوون، و کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و درۆنەکانیان لەگەڵ کۆگاکانیان بەتەواوی وێران کراون. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرکردە دێرینەکانی ئەو وڵاتە چیتر لە ژیاندا نەماون.
سەبارەت بە ئاسایشی دەریایی، سەرۆک ترەمپ رایگەیاند، تەواوی ئەو 28 بەلەمەی ئێران کە مینی دەریاییان دادەنا، ئێستا لە بنی دەریادان. ئێمە دەستمان کردووە بە پرۆسەی پاککردنەوەی گەرووی هورمز وەک چاکەیەک بۆ وڵاتانی جیهان لەوانە چین، ژاپۆن، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، چونکە ئەوان ئازایەتی یان ویستی ئەوەیان نەبوو خۆیان ئەم کارە بکەن."
ترەمپ باسی لە گۆڕانکارییەکی گەورە لە کەرتی وزەدا کرد و گوتی: "زۆر سەرنجڕاکێشە کە ئێستا تانکەرە نەوتە چۆڵەکان لە زۆربەی نەتەوەکانی جیهانەوە روو لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ ئەوەی لێرە نەوت بار بکەن."
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "نیووز نەیشن" کە بەیانی ئەمڕۆ ئەنجامدرا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد, ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەرەستە و ئامێری تایبەت بە مینکێش دەگوازێتەوە بۆ گەرووی هورمز بە مەبەستی لادانی ئەو مینە دەریاییانەی لەوێ چێنراون.
سەبارەت بەو زانیارییە هەواڵگرییانەی باس لەوە دەکەن کە ئێران نازانێت مینەکانی لە کوێ داناوە، ترەمپ گوتی: "من نازانم ئایا ئەوان دەیزانن یان نا، بەڵام ئەوە دەزانم کە ئێمە ئەمریکا زۆر باش دەزانین مینەکان لە کوێ دانراون."
سەرۆکی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا متمانەی خۆی بە تواناکانی سوپای وڵاتەکەی نیشاندا و گوتی: "ئێمە خاوەنی پێشکەوتووترین ئامێری مینکێشین لە هەموو جیهاندا. ئێستا خەریکی گواستنەوەی ئەو ئامێرانەین بۆ شوێنی مەبەست تاوەکو ناوچەکە پاک بکەینەوە."