سەرەڕای گەمارۆکەی ئەمریکا؛ کەشتییەکی نەوتهەڵگری چینی گەرووی هورمزی تێپەڕاند
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی نیسانی 2026، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری داتاکانی کەشتیوانییەوە رایگەیاند، نەوتهەڵگری "ریچ ستاری" بە گەرووی هورمزدا تێپەڕی.
ئەوەش دەبێتە یەکەم کەشتی ئاوەکانی کەنداو جێبهێڵێت لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر گەرووەکە. پێشتریش دامەزراوەکانی گرووپی بۆرسەی لەندەن و مارین ترافیک و کێپلەر هەمان زانیارییان بڵاو کردەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز روونیشی کردەوە، نەوتهەڵگری ریچ ستاری، نزیکەی 250 هەزار بەرمیل ماددەی میسانۆڵی هەڵگرتووە و بارەکەی لە بەندەری حەمرییە لە ئیمارات بارکردووە. تیمێکی چینی سەرپەرشتی کەشتییەکە دەکەن و ئاڵای وڵاتی مالاوییان لەسەر کەشتییەکە بەرز کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، داتاکانی کەشتیوانی دەریدەخەن، کەشتییەکی دیکەی سزادراو بە ناوی مورلیکیشان هەر ئەمڕۆ بەرەو گەرووی هورمز بەڕێکەوتووە. بڕیارە رۆژی 16ـی نیسان بگاتە عێراق بۆ بارکردنی نەوتی رەش. ئەم پێشهاتانە دەریدەخەن ئاستەنگی زۆر لە بەردەم جێبەجێکردنی گەمارۆکاندا هەیە و کەشتییە سزادراوەکان بەردەوامن لە هاتوچۆکردن.