وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران پێشنیازێکی سێ قۆناغی بۆ ئاشتی دەخاتەروو
تاران پێشنیازێکی نوێی ئاڕاستەی نێوەندگیرەکان کردووە کە تێیدا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی نێودەوڵەتیدا، ئەمەش لە بەرانبەر راگرتنی یەکجاریی جەنگ و هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا. ئەم پلانە سێ قۆناغییەی ئێران داوا دەکات گفتوگۆکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بۆ کاتێکی تر دوابخرێت.
دووشەممە 27ی نیسانی 2026، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی کردەوە، حکوومەتی ئێران لە هەوڵێکی نوێدا بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکان، نەخشەڕێگایەکی پێشکەش بە لایەنە نێوەندگیرەکان کردووە. تەوەری سەرەکیی پێشنیازەکە بریتییە لە بازرگانیکردن بە گرنگترین رێڕەوی وزەی جیهان؛ تاران ئامادەیە گەرووی هورمز بکاتەوە، ئەگەر واشنتن کۆتایی بە جەنگ بهێنێت و گەمارۆ توندە دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پلانی ئاشتییەکەی ئێران لە سێ قۆناغی سەرەکی پێکدێت:
قۆناغی یەکەم: راگرتنی دەستبەجێی جەنگ و وەرگرتنی گەرەنتیی پێویست بۆ ئەوەی پێکدادانە سەربازییەکان جارێکی دیکە دەستپێنەکەنەوە.
قۆناغی دووەم: دواخستنی مەلەفی ئەتۆمی: ئێران داوای کردووە کە لەم قۆناغەدا هیچ گفتوگۆیەک لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەکرێت و بۆ ئایندە دوابخرێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ ئاسانکردنی گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست.
قۆناغی سێیەم: سەرەڕای پێشنیازی کردنەوەی گەرووەکە، تاران بە نێوەندگیرەکانی راگەیاندووە کە سوورە لەسەر ئەوەی مافی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز بە دەستی خۆیەوە بمێنێتەوە.
ئەم پێشنیازە لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ فشارەکانی بۆ سەر تاران گەیاندووەتە لووتکە و گەمارۆ دەریاییەکان ئابووریی ئێرانیان ئیفلیج کردووە.
تا ئێستا واشنتن هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەسەر ئەم پێشنیازە نوێیەی تاران رانەگەیاندووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە مەرجی "دواخستنی مەلەفی ئەتۆمی" ڕەنگە خاڵی هەرە بەهێزی ناکۆکییەکان بێت، چونکە ئیدارەی ترەمپ چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ئامانجی سەرەکییان پەکخستنی تەواوەتی توانای ئەتۆمیی ئێرانە.