ئەمریکا خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی حەیدەر سەعیدی راگەیاند

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی پڕۆگرامی "پاداشت بۆ دادپەروەری" (Rewards for Justice)، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵات تەرخان کرد بۆ هەر کەسێک زانیاریی ورد لەسەر شوێن یان چالاکییەکانی "حەیدەر مەزهر مەلەک سەعیدی" بدات. ناوبراو کە سەرکردەی گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێرانە، بە کوشتنی سەربازانی ئەمریکی و هاووڵاتییانی مەدەنی تۆمەتبار دەکرێت.

دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی دەرەوە، حەیدەر سەعیدی کە بە "حەیدەر غەراوی"یش دەناسرێت، ئەمینداری گشتیی "بزووتنەوەی ئەنسارەڵڵای ئەوفیا" (HAAA)یە. واشنتن ئەم گرووپە وەک رێکخراوێکی "تیرۆریستی" دەناسێنێت کە لە عێراق جێگیرن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەعیدی و گرووپەکەی بەرپرسن لە، ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق، هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکان و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق، ئوردن و سووریا و کوشتنی سەربازانی ئەمریکی و هاووڵاتییانی مەدەنی عێراقی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییان کردووە هاوکارییان بکەن بۆ راگرتنی ئەم کەسە و دەڵێت هەر زانیارییەک هەبێت دەتوانرێت لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "سیگناڵ" یان لینکی تایبەتی "تۆر" (Tor) بە شێوەیەکی نهێنی رەوانە بکرێت. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە زانیاریدەران رەنگە مافی گواستنەوە بۆ شوێنێکی ئارام (Relocation) و وەرگرتنی خەڵاتە داراییەکەیان هەبێت.

ئەم هەنگاوەی واشنتن لە کاتێکدایە کە ئیدارەی ترەمپ فشارە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی بۆ سەر سەرکردەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە توندتر کردووەتەوە کە لە ناوچەکەدا مەترسی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دروست دەکەن.

پێشتریش لە 24ـی ئەم مانگەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەبو ئالا وەلائی سەرکردایەتی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا (KSS)، کە گرووپێکی چەکداری سەر بە "ئێرانە" و لە عێراق چالاکە. دەستیان لە کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی عێراقی و هێرشە بەردەوامەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کارمەندانی دیپلۆماسی لە عێراق و سووریادا هەبووە .

بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەمریکا چەند تۆمەتێکی ئاراستەی ئەبو ئالا وەلائی و گرووپەکەی کردووە، لەوانە، کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی عێراقی، هێرشکردنە سەر دامەزراوە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە عێراق و کردنە ئامانجی بنکە سەربازییەکان و کارمەندانی ئەمریکی لە عێراق و سووریا، هەروەها بڕی 10 ملیۆن دۆلاری وەک پاداشت تەرخان کردووە بۆ هەر کەسێک زانیاریی ورد لەسەر شوێن یان چالاکییەکانی "هاشم فینیان رەحیم سەراجی" ناسراو بە ئەبو ئالا وەلائی بدات.