هه‌واڵێكی ناخۆش بۆ یانه‌ی بارسێلۆنا

سزای ئه‌ستێره‌یه‌كی یانه‌كه‌ درا

K24 ـ هه‌ولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا به‌ فه‌رمی سزای هێرشبه‌ره‌ ئۆرگواییه‌كه‌ی یانه‌ی بارسێلۆنای دا، به‌مه‌یش له‌ 2 یاریی داهاتوو له‌ جامی شای ئیسپانیا ئه‌و یاریزانه‌ بێبه‌ش ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی، 8ـی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری 2016، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا بریاریی كۆتایی له‌ باره‌ی رووداوه‌كانی یاریی نێوان بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل دا له‌ جامی شای ئیسپانیا كه‌ یانه‌ی بارسا به‌ 4 گۆڵ به‌رانبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، به‌ڵام له‌ دوای یارییه‌كه‌ ناوبژیوانی یارییه‌كه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی بۆ وته‌یه‌كی ناشیرینی سوارێز كردووه‌ كه‌ له‌ دژی گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل به‌كاری هێناوه.

به‌پێی هه‌واڵی راگه‌یاندنه‌كانی ئیسپانیا، سوارێز به‌ گۆڵپارێزی ئیسپانیۆلی وتووه‌: "من هه‌ڵگری 5 نازناوی 2015ـم، ئه‌ی گه‌مژه‌ تۆ خاوه‌نی چیت؟" ‌، به‌م هۆیه‌وه‌ ئه‌و یاریزانه‌ بڕیاری راگرتنی له‌ 2 یاریی داهاتووی یانه‌كه‌ی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

به‌هۆی ئه‌و سزایه‌وه‌ سوارێز له‌ یاریی گه‌رانه‌وه‌دا له‌ به‌رانبه‌ر ئیسپانیۆل یاریی ناكات، له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنی یانه‌كه‌یش، دیسان سوارێز له‌ چاره‌گی كۆتایی جامی شای ئیسپانیا بێبه‌ش ده‌بێت.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، یانه‌ی بارسێلۆنا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا تانه‌ له‌و بڕیاره‌ ده‌ده‌ن و داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی سزاكه‌شی ده‌كه‌ن، سزایه‌كه‌ی سوارێزیش ته‌نیا بۆ جامی شای ئیسپانیا و له‌ لالیگا ده‌توانێت یاریی بكات.