وه‌زاره‌تی ئاوقاف داوایه‌كی یاسایی له‌ كۆمپانیایه‌كی سعودی برده‌وه

دادگای سعودییە بڕیاری داوە، ملیۆنێک و 900 ھەزار دۆلار بۆ ھەرێمی کوردستان بگەرێنێتەوە.

K24 – ھەولێر:

بەرێوەبەری پەیوەندیەکانی وەزارەتی ئاوقافی حکومەتی ھەرێم بە (کوردستان 24) رایگەیاند، داوایەکی یاساییان لەکۆمپانیای لامای سعودی بۆ فرۆکەوانی بردووەتەوە و دادگای سعودییە بڕیاری داوە، ملیۆنێک و 900 ھەزار دۆلار بۆ ھەرێمی کوردستان  بگەرێنێتەوە.

مەریوان نەقشبەندی، بەرێوەبەری پەیوەندیەکانی وەزارەتی ئاوقاف و کاروباری ئایینی گوتی:  4 ساڵ لەمەوبەر ئەو کۆمپانیایە پارەی لە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان وەرگرتبوو بۆ  دابین کردنی تیكێتی گواستنەوەی ئەو کەسانەی نیازی ئەنجامدانی فەریزەی حەجیان ھەبوو، بەڵام کۆمپانیاکە نەک ھەر تیكێتەكانی دابین نه‌كرد، بەڵکو پارەکەی بە شێوەیەکی ساختە وەرگرت، بۆییە وەزارەت هه‌ڵسا به‌ دابین کردنی تیكێتەكان ته‌رخانكردنی دووباره‌ی ئەو گوژمە پارەیە لە بری ھاووڵاتیان بۆ ئەوەی بێ بەش نەبن لە ئەنجام دانی فەریزەی حەج.

ئێستا دادگای بالای سعودییە بڕیاری داوە پارەکە بە قەرەبووەوە بۆ ھەرێمی كوردستان بگەرێنێتەوە و لەبەر زۆری گوژمەکەش کۆمپانیا سعودییەکە ناچار کراوە بە چوار قیست پارەکە بداتەوە و ئێستا چەکی یەکەمیان بە گوژمەی 460 ھەزار دۆلار وەرگرتووە.