وەزیری نێوخۆی بەلجیكا: ھێشتا ھەڕەشەی تیرۆر لە بەلجیكا ماوە

جان جامبۆن، وەزیری نێوخۆی بەلجیکا داوا لە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات گردبوونەوە و مەراسیمی رێزلێنان بۆ قوربانیانی تەقینەوەکان ئەنجام نەدەن

K24- ھەولێر:

وەزیری نێوخۆی بەلجیكا داوا لە ھاووڵاتیانی وڵاتەكەی دەكات بەشداری ھیچ جۆرە گردبوونەوەیەك نەكەن، چونكە ھەڕەشەی تیرۆر لە سەر بەلجیكا ماوە.

جان جامبۆن، وەزیری نێوخۆی بەلجیکا داوا لە ھاووڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات  گردبوونەوە و مەراسیمی رێزلێنان بۆ قوربانیانی تەقینەوەکان ئەنجام نەدەن،چونكە ھێشتا مەترسی ھێرشی تیرۆریستی ھەیە لەسەر بەلجیکایە و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان لە ئامادەباشی تەواودان.

جان جامبۆن گوتیشی: ھەڵمەتەکانی گەڕان و لێکۆڵینەوە بەردەوامن و داوا لە خەڵکی دەکەین ھاوکاری ھێزە ئەمنیەکان بن و بەشداری گردبونەوە و مەراسیمەکان نەکەن.

ئەو گوتانەی وەزیری نێوخۆی بەلجیکا لە کاتێکدایە کە بڕیارە ئەمڕۆ لە بەلجیکا مەراسیمێکی فراوان بۆ ئیدانە کردنی تەقینەوەکانی برۆکسل بەرێوە بچێت، مەراسیمەکە  لە گۆڕەپانی دی لا بۆرسەوە دەست پێ بکات تا وێستگەی گاری دو نۆرد ، ئەو دوو شوێنەی کە تەقینەوەکانی تێدا ئەنجامدرا، کە بەھۆیانەوە زیاتر لە 30 کەس گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە 100 كەس برینداربوون، دوای تەقینەوەكان داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەكان راگەیاند.