ناتانیاهۆ: لە لوبنان و سووریا و غەززە ناکشێینەوە
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی بیرباوەڕی جەنگیی خۆی گۆڕیوە و بەربەستی ترسی شکاندووە، ئێستا ئەوان دەسپێشخەری دەکەن و دوژمنەکانیان تووشی شۆک دەکەن.
دووشەممە 15ـی حوزەیرانی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "رێگە نادەین رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەر سنوورەکانمان جێگیر ببن، هاروەها گوتیشی،" زیانێکی گەورەمان بە ئێرانییەکان گەیاند و ئیسرائیلمان لە مەترسیی لەناوچوونی ئەتۆمی پاراست؛ ئەگەر بە پەلە هێرشمان نەکردایە سەر ئێران، دەستیان بە بۆمبی ئەتۆمی دەگەیشت."
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد، مەترسیی لەناوچوونی ئیسرائیل و دانیشتووانەکەیان دوورخستووەتەوە، هاوکات گوتیشی: "رەنج و خەباتمان هێشتا کۆتایی نەهاتووە." ئەوەشی خستە روو کە هێزەکانیان رێبەرانی ئێرانیان کوشتووە و زیانی قورسیان بە دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە گەیاندووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناتانیاهۆ گوتی: "حەسەن نەسروڵڵامان کوشت و رێگریمان لە داگیرکردنی ناوچەی جەلیل کرد، هەروەها چووینە ناو شاری غەززە و محەمەد دێف، ئیسماعیل هەنیە و یەحیا سینوار و هەموو ئەوانەمان کوشت کە دەستیان لە کۆمەڵکوژیی 7ـی ئۆکتۆبەردا هەبوو."
لە بارەی بارمتە ئیسرائیلییەکان کە لەدەستی حەماس مابونەوە، ناتانیاهۆ رایگەیاند، هەموو رفێندراوەکانیان لە غەززە گەڕاندووەتەوە و توانیویانە ئیسرائیل لە وێرانکاری رزگار بکەن.
هەروەها سەبارەت بە پەیوەندیی نێوانیان لەگەڵ واشنتن و بە تایبەت دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، ناتانیاهۆ گوتی" ئەمریکا هاوپەیمانێکی بەهێز و دێرینی ئیسرائیلە، هەرچەندە جار جارە ناکۆکیمان لە نێواندا دروت دەبێت بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە هاوبەش و هاوپەیمانی یەکترین و پەیوەندییەکانمان زۆر بەهێزە".
ئەم قسانەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ دووشەممە، هەریکە لە لایەنی ئەمریکی و ئێرانی رایانگەیاند، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان لە هەینی داهاتوودا لە جنێف واژۆ دەکەن، دوای ئەوە لە ماوەی 60 رۆژدا دانوستانەکانی نێوانیان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ئاشتی، هاوکات گەرووی هورمز لەو ماوەیەدا بە کراوەیی دەمێنێتەوە.