سەباح نوعمان: کێڵگە نەوتییەکان لە هێرشی درۆن دەپارێزرێن

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، سەردانی کۆمپانیا و کێڵگەکانی نەوت دەکرێت و چی پێویست بێت بۆ پاراستنیان دابین دەکرێت، لە دژە درۆن و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هەر پێداویستییەکی دیکە.

سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ،ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، بە کوردستان24ـی راگەیاند: لیژنەیەک سەردانی هەولێر دەکات و هەڵسەنگاندنێک پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، دوای رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر راپۆرتەکە، بەپێی رووپێوێک پێویستییە مەیدانییەکان دیاری دەکرێن.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، سەردانی کۆمپانیا و کێڵگەکانی نەوت دەکرێت و چی پێویست بێت بۆ پاراستنیان دابین دەکرێت، لە دژە درۆن و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و هەر پێداویستییەکی دیکە.

گوتەبێژی هێزە چەکدارەکان گوتیشی: وەزارەتی بەرگریی عێراق پلانێکی بۆ نوێکردنەویەی بەرگریی ئاسمانیی تا سیستمێکمان هەبێت بەرپەرچی هەر هێرشی ناوخۆی و دەرەوە بداتەوە، بەپێی پێویستی و گرنگیی ناوچەکان سیستمەکانی بەگریی ئاسمانی دابەش دەکرێن.

دەربارەی هەڵوەشانەوەی گرووپە چەکدارەکان، سەباح نوعمان باسی لەوە کرد، پڕۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و یەکگرتنەوەی هێزەکان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی حکوومەت بەپێی  ئەو کارنامەی سەرۆکوەزیرانی پێشکەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کردووە بەردەوامە.

هەروەها رایگەیاند: تا ئێستا سێ گرووپی چەکدار، چەک و پێداویستییەکانیان رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە، ئەوانیش سەرایا سەلام، عەسائیب ئەهلولحەق و کەتیبەکانی ئیمام عەلین و ئێستا کار لەسەر وەرگرتنی چەکی گرووپەکانی دیکە دەکەین و هیواداراین هەموویان ئەو هەنگاوە بنێن، بەپێی ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەیە هیچ گرووپێک رادەستکردنی چەکی رەتنەکردووەتەوە.