باڵه‌خانه‌ى وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا ئاگرى گرت
ئاگر له به‌شێكى وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا كه‌وته‌وه و به‌رپرسانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ش رايانگه‌ياند، توانيويانه ئاگره‌كه كۆنترۆڵ بكه‌ن.
K24 – هه‌ولێر:
ئاگر له به‌شێكى وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا كه‌وته‌وه و به‌رپرسانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ش رايانگه‌ياند، توانيويانه ئاگره‌كه كۆنترۆڵ بكه‌ن.
گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگرى رووسيا ئيگۆر كوناشينكۆڤ، رايگه‌ياند، وه‌زيرى به‌رگرى رووسيا سێرگى شويگۆ، فه‌رمانى ده‌ركردووه به ئه‌نجامدانى وردبينى بۆ زانينيى راده‌ى زيانه مادييه‌كان كه به‌ر به باڵه‌خانه‌ى وه‌زاره‌ت كه‌وتوون، به تايبه‌تى پێش هه‌موو شتێك بۆيان ساغ بێته‌وه ئايا ئاگره‌كه كاريگه‌رى له‌سه‌ر په‌يكه‌رى بنه‌ڕه‌تى بيناكه درووستكردووه ياخوود نه‌يكردووه.
به گوێره‌ى زانيارى وه‌زاره‌ته‌كه، ئه‌و ئاگره له به‌شى دڵنيايى و راژه‌ى سه‌ر به چالاكييه‌كانى وه‌زاره‌ت له باڵه‌خانه‌ى كۆنى وه‌زاره‌ته‌كه كه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ش راگه‌يه‌ندراوه، ئاگره‌كه هيچ كاريگه‌رييه‌كى له‌سه‌ر چالاكى يه‌كه ئيدارييه سه‌ربازييه‌كان نه‌كردووه.
وه‌زاره‌ته‌كه ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، سه‌ره‌تا ئاگره‌كه له يه‌كه‌يه‌كى تايبه‌ت به ته‌كنۆلۆجيا له نهۆمى سێيه‌مى وه‌زاره‌ته‌كه كه‌وتووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ى خه‌مڵاندنى فه‌رمى نزيكه‌ى 3.5 هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه، سووتاوه و پياوانى ئاگركوژێنه‌وه پله‌ى پێنجه‌م واته دوايين پله‌ى مه‌ترسيدارييان سه‌باره‌ت به رووداوه‌كه راگه‌ياندبوو، تا سه‌ره‌نجام توانيان ئاگره‌كه بكوژێننه‌وه.
ئاژانسى ئنته‌رفاكسى رووسيا بڵاويكردووه‌ته‌وه، ئاگره‌كه بووه‌ته هۆى داڕووخانى باڵه‌خانه‌يه‌ك كه رووبه‌ره‌كه‌ى 1200 مه‌تر چوارگۆشه بووه.