ئەمەریکا هۆشداری لە گەڕانەوەی داعش دەدات

"داعش لە سووریا و عێراق هەوڵی خۆڕێکخستنەوە دەدات"

چەكدارانی داعش - ئەرشیف
چەكدارانی داعش - ئەرشیف

K24 - ھەولێر

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا هۆشداری لە گەڕانەوەی داعش دەدات و سەبارەت بە سیاسەتی ئیدارەی بایدن لەبەرامبەر ئێران رایگەیاند "هەنگاوەکانمان بەرامبەر ئێران بە هەماهەنگی دەبن لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان".

ژەنراڵ کێنیت مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا لە پانێڵێکی تایبەتی پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گوتی: "داعش بەردەوامە لە جموجوڵ و هێرشەکانی لە سووریا و عێراق، هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و خۆ نوێکردنەوە دەدات".

مەکێنزی، جەختدەکاتەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاری و پشتیوانیەکانی بۆ هاوبەشەکانیان بۆئەوەی گوشارەکانی سەر داعش کەم نەکرێنەوە. هۆشداری سەرهەڵدانی نەوەیەکی دیکە داعش دەدات، کە ئێستا بە هەزاران لە ژن و منداڵ و چەکدارە دەستگیرکراوەکانیان لە کەمپەکانی رۆژئاوای كوردستان، وڵاتانیش ئامادەنین وەریانبگرنەوە.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمەریکا لەبارەی ئێرانەوە ئاماژەی بەوەدا: "تاران هۆکاری ناسەقامگیری عێراق و سووریا و یەمەنە. هەنگاوەکانمان بەرامبەر ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان دەبن لە ناوچەکە".