هێزەکانی عێراق شکست بە "هێرشێکی خۆکوژانی داعش" دێنن لە فەللوجە
"ئامانجی هێرشەکە کۆمەڵگەیەکی نشینگە بوو"
K24-هەولێر
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار لیوا روکن ئیسماعیل ئەلمەحەلاوی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند شارەدێی عامرییەی فەللوجە (40 کم رۆژئاوای بەغدا) لە هەموو ئەو خۆکوژانە پاککراوەتەوە کە دەمەو بەیانی ئەمڕۆ دزەیان کردبووە نێو شارەدێکە.
لیوا روکن ئیسماعیل ئەلمەحەلاوی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند: "شارەدێی عامرییەی فەللوجە لە هەموو ئەو خۆکوژانە پاککراوەتەوە کە دەمەو بەیانی ئەمڕۆ دزەیان کردبووە نێو شارەدێکە و هێزە ئەمنییەکان ئێستا تەواوی کۆمەڵگەی نشینگەی عامرییەی فەللوجەیان کۆنتڕۆڵ کردووە".
هاوکات ئەندامی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار راجع بەرەکات ئەلعیساوی بە راشیگەیاند: "شەڕ و پێکدادان بە چەکی قورس و مامناوەند لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و نۆ خۆکوژی رێکخراوی داعش کە پشتێنەی بۆمبرێژکراویان هەڵگرتبوو روویدا لەودەمەی خۆکوژەکان هەوڵی هێرشکردنە سەر کۆمەڵگەی نشینگەی عامرییەی فەللوجەیان دا (18 کم باشووری فەللوجە) و شەڕەکە کۆتاییهات و نۆ خۆکوژەکەش کوژران".
سەرەرای دەرکردنی شاری رومادی ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە بندەستی چەکدارانی داعش و سەرەرای پاشەکشێکردنی داعش لە چەند ناوچەیەکی ئەنبار، بەڵام شارۆچکەی فەللوجە کە بە پێگەی سەرەکیی داعش لە ئەنبار هەژمار دەکرێ هێشتا لە بندەستی چەکدارانی رێکخراوەکەدایە و شەڕ و پێکدادانیش لە چەند ناوچەیەکی ئەنبار لەنێوان داعش و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە.
سەرچاوە: ئاژانسەکان
ئا: ئا ، ف