زنجیرە وتار به‌شی 1 .. چۆن شارستانیەتی ئەمەریکا بناسین؟

Kurd24

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، بە دیاریکراوی لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانەوە تاکو ئەمڕۆ، یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکانی مانەوە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە پشتگیری ڕاستەوخۆی ئەمەریکا بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندیەکی فراوان و پتەو دروست بووە لە نێوان ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان، (ئەم پەیوەندیە فراوانە) هەماهەنگی و هاوبەشی بەردەوامی لە پرسە جۆراوجۆرەکاندا لێکەوتۆتەوە لە ئاستەکانی (سیاسی و دیبلۆماسی و ستراتیژی و ئابوری و ئەمنی ....هتد).

بۆیە لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا گرنگە  بۆ ئێمەی کورد هەڵوەستەیەک بکەن لەسەر شێوازی بونیاتنانی شارستانیەتی ئەمەریکا، بەمەبەستی سود وەرگرتن لە ئەزموونی ئەم (وڵاتە زلهێزە)ی کە سەرمەشقی جیهانی گرتووە لە زۆربەی سێکتەرە جۆراوجۆرەکاندا، لەم پێناوەدا ئەم زنجیرە وتارەمان تەرخان کردووە بە شارستانیەتی (ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا) لە ڕوانگەیەکی جیاواز و بە دیدگایەکی ئەکادیمی هەوڵدەدەین هەفتەی دوو ڕۆژ (دوو شەممە و پێنج شەممە) لە ڕێگای چەند سەرەقەڵەمێک بە کورتی و بە پوختی تیشک بخەینە سەر ئەم بابەتانە:

1- مێژووی ئەمەریکا.

2- جوگرافیای ئەمەریکا.

3- دەستور و سیستەمی حوکمڕانی ئەمەریکا.

4- بنەما سەرەکیەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا.

5- -ئابووری ئەمەریکا.

6- کلتوری ئەمەریکا.

7- جیهان لە ڕوانگەی ئەمەریکا.

8- کورد لە ڕوانگەی ئەمەریکا.

1- مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا:

باسکردنی مێژووی شارستانیەتێکی نوێی و زلهێزترین وڵاتی دونیا قسەی زۆر هەڵدەگرێ، لە ڕابردوودا خەڵکێکی زۆر لەسەر ئەم بەبەتەیان نوسیووە، لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە بە دیاریکراوی لە ساڵی (1819)دا (هامیر پۆرگشتاڵ)ی نەمساوی لە یەکەمین کەسەکان بوو کە لە (ڤیەننا) بناغەی پڕۆژەیەکی دانا بەناوی (ئەمەریکاناسی) و دواتریش لە سەدەی بیستەم ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و کەسانی ئەکادیمی سەدان لێکۆڵینەوەیان ئەنجامدا، ئەم هەوڵانە تاکو ئەمڕۆش بەردەوامن بۆ شارەزابوونی زیاتر دەربارەی شارستانیەتێکی نوێ لە کیشوەری ئەمەریکای باکور، منیش بە پێویستم زانی لە زنجیرەی یەکەمدا چەند زانیاریەکی گرنگ سەبارەت بە مێژووی (شارستانیەتی ئەمەریکا) بخەمەڕوو.

دەتوانین مێژووی ئەمەریکا پۆڵین بکەین بۆ چەند قۆناغێک:

1 -قۆناغی پێش سەربەخۆیی:

بە گوێرەی هەندێ بەڵگەنامەی مێژوویی متمانەپێکراو، ژیانی سەرەتایی لە ئەمەریکای باکووردا دەگەڕێتەوە بۆ (12000) ساڵ پێش زایین، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بیست و دوو هەزار ساڵ لە دوای چاخی سەهۆڵبەندانەوە مرۆڤ هەوڵی دۆزینەوەی زەوی نوێی داوە تا دەگاتە ئەو شوێنەی کە ئێستا بە کیشوەری ئەمەریکا ناسراوە. دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمەریکا، پێیان وایە کە (1200) تا (1400) ساڵ پێش ئەمە لە کیشوەری ئاسیاوە ھاتوونەتە ئەم وڵاتە نوێیەوە. لە ڕاستیشدا نیشانەی شارستانییەتێکی کۆن لە قەراغ ڕووباری میسیسیپی کە (درێژترین ڕووباری ئەمەریکایە) دۆزراوەتەوە کە پیشەیان کشتوکاڵ بووە.

لە ساڵی (1492)دا کریستۆفەر کۆلۆمبس دۆزه‌ره‌وه‌ی ناودار، کاتێ لە ژێر فەرمانی پاشای ئیسپانیادا بوو، گەیشتە دوورگەکانی (کاڕائیب) و لەوێدا بۆ یەکەم جار ئەوڕووپییەکان چاویان کەوت بە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەو وڵاتە. بە ھۆی ئەوەی کە مەبەست لەو گەشتە، گەیشتن بوو وڵاتی ھیند، کاتێ گەیشتنە ئەو وڵاتە بە ھیندیان دەزانی و دانیشتوەکانی ئەمریکا بە (ھیندیە سورەکان) ناسران. دوای ئەوە کۆمەڵێک وڵاتی دیکە بە سوپایەکەوە لە گۆشەیەکی ئەو وڵاتە دادەبەزین و پارچەیەکیان دەکرد بە بەشی وڵاتی خۆیان؛ وەک بەڕیتانیا و ئیسپانیا و ھۆڵەندا و فەڕەنسا. ئەم خاکەی ئەمرۆ ناوی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ڕابردوودا خاکی نەتەوەیەک بووە کە ناویان (Indian Sioux) یاخود هیندییە سوورەکان.

ئەم ئەمریکایە داگیرکرابوو لەلایەن ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، ئیمپراتۆریەتی فەرەنسی، هۆلەندا، دانیمارک، ئیتاڵیا، پۆلەندا، بەلجیکا، ئیسپانیا، پرتوگال) وە بەشێكی کەم بۆ ڕەش پێستەکان وهندەسوورەکان مابوویەوە.

ئەوروپیەکان ژمارەیەکی یەکجار زۆر هیندیە سورەکانیان کوشتن و ژمارەیەکی تریشیان بە هۆی ئەو نەخۆشیانەوە لەناو چوون کە لەگەڵ هاتنی ئەوروپیەکان گواسترابونەوە ئەمەریکا.

لە کۆتایی سەدەی پانزەهەم و سەرەتای سەدەی شانزەهەم دەستپێکی شەپۆلە مەزنەکانی کۆچی ئەوروپیەکان بوو. لە ساڵی (1732) ئەم وڵاتە بریتی بوو لە سێزدە کۆڵۆنی کە موستەعمەرەی بەریتانیای مەزن بوون، ھەر یەکێکیان یاسا و ھەڵبژاردنی تایبەت بە خۆیان ھەبوو بەڵام لە کۆتاییدا ھەموو یاساکان لەژێر حوکمی بەڕیتانیادا بوون.

2- قۆناغی سەربەخۆیی:

خەڵکی ئەمەریکا لە 4ی تەموزی ساڵی (1776) زایینی سەربەخۆیی ڕاگەیاند و ئامادە نەبوون هیچی تر لە ژێر دەستەاڵتی بەڕیتای مەزندا بمێننەوە بەڵکۆ کۆمارێکی دەستووری فێدراڵییان دروستکرد، ئەوکات ئەمەریکا تەنها لە (13) ولایەت پێکھاتبوو، کە ئەمانەی خوارەوە بوون:

(پێنسلڤانیا، نیویورک، نیوجێرسی، ڤیرجینیا، ماساچوست، میریالند، ڕودئایالند، کنتکت، کاڕۆلینای باکور، کاڕۆلینای باشور،دالوێر، نیوهامشر، جۆرجیا). بەریتانیا دژی سەربەخۆیی ئەمەریکا وەستایەوە و شەڕ دەستی پێکرد، پاش ماوەیەک لە ڕووی هێزەوە بەڕیتانیا زۆر ناوچەی ستراتیژی لە دەست نەمابوو و توانای ڕووبەڕوو بوونەوەی نەمابوو، هەروەها بەریتانیا دەیزانی کە کۆتایی دێ. لە ساڵی (1778) بەڕیتانیا هێزی دۆزەخ ی دەریای (مارشاڵ)ی داوا کرد کە نیۆرک بگرێتەوە، بەڵام مارشاڵ تەنها توانی لە دووری چەند میلێكەوە تۆپ بارانی نیۆرک بکات. هەر لەم جەنگانەدا بەریتانیا (2) ملیۆن هندی سووری جینۆساید کرد هەر لەو ساڵەدا فەرەنساش جەنگی ڕاگەیاند دژی بەریتانیا.

لە ساڵی (1781) بەڕیتانیا (45) هەزار سەربازی هێزی تایبەتی لەلایەن جەنەڕاڵ (جۆرج واشنتۆن)ەوە بە دیل گیران لە ساڵی (1783) بەریتانیا پەیمانی (پاریس)ی بۆ ئاشتی مۆر کرد و دانی نا بە سەربەخۆیی ئەمەریکا.

دوای بەدەستهێنانی سەربەخۆیی باوکانی دامەزرێنەر بەسەرۆکایەتی جۆرج واشنتن توانیان کۆنگرەیەک ببەستن لە شاری فیلادیلفیا لە ساڵی (1787) بەمەبەستی نوسینەوەی دەستورێک بۆ ووڵاتە تازە لەدایک بووەکەیان، دوای ساڵێک توانیان دەستورێکی (7) مادەیی بنوسنەوە و پەسندی بکەن کە بووە بنەمایەکی گرنگ بۆ بنیاتنانی زلهێزترین ووڵاتی جیهان.

3- قۆناغی شەڕی ناوخۆ:

لە کلتوری هەندێک لە ولایەتەکانی باشووردا ڕاگرتنی بەندە یاخود عەبد باو بوو؛ بەڵام لە ولایەتەکانی باکووردا وانەبوو، بۆیە کاتێک ئەبراھام لینکۆڵن وەک یەکەم سەرۆکی پارتی کۆماری (پارتی کۆماری لە ساڵی 1854 دامەزراوە و پارتی دیموکراتیش پێشتر لە ساڵی 1828 دامەزراوە) هەروەها لینکۆڵن بە نوێنەری زۆربەی ویلایەتەکانی باکوور لە ساڵی (1860)دا بووە سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، بانگەوازی لابردنی ئەو یاسا و کولتوورەیدا و ھەموو بەندەکانی بە پێی یاسا ئازاد کرد.

ئەوە بووە ھۆی ئاڵۆزی نێوان ولایەتەکانی باکوور و باشوور. لە ساڵی (1861) ئاگری شەڕی ناوخۆی ئەمریکا هەڵگیرسا کە تێیدا نزیکەی (620) ھەزار کەس کووژران بۆیە بە خوێنینترین شەڕی مێژووی ئەم وڵاتە دەناسرێت. لە ئاکامدا باکوورییەکان سەرکەوتن و بەندەداری (عبودیەت) بە پێی یاسا نەما. ئەو (ئەفریقی-ئەمریکایانە)ش کە بە پێی یاسا ئیتر بەندە نەبوون، بوونە خاوەن مافی شارومەندی و دواتریش بوونە خاوه‌ن مافی دەنگدان.

4- قۆناغی بنیاتنان و خۆپارێزی:

ئەم قۆناغەم ناو ناوە بە قۆناغی بنیاتنان و خۆپارێزی چونکە خەڵکی ئەمەریکا لە دوای شەڕی ناوخۆ هەوڵیاندا وڵاتەکەیان بە شێوەیەکی تۆکمە بونیات بنێن و بپارێزن لە هێرشی دەرەکی، ئەم قۆناغە تا سەرەتای سەدەی بیستەم درێژەی هەبوو.

5- قۆناغی دەرکەوتنی ئەمەریکا وەک وڵاتێکی زلهێز:

لە شەڕی جیھانی یەکەمدا و لە ساڵی (1914) ئەمریکا بێلایەن بوو، لەشەڕی جیھانیی دووەم، ئەمریکا دیسان بێلایەن بوو بەڵام پاش داگیرکرانی (پۆلەندا) لە لایەن نازییەکانەوە، ئەمریکا بە ناردنی پێداویستییەکانی شەڕ بو ھێزەکانی ھاوپەیمانی و دواتر، کە ژاپۆن ھێرشی کردە سەر دورگەی (هاربێرد)ی ئەمریکا، بە فەرمی بووە ئەندامی ھاوپەیمانان و تێکەڵ بە شەڕ بوو. ئەمریکا یەکەم وڵات بوو کە دەستی گەیشتە چەکی ناوەکی و بۆ یەکەم جار لەسەر ھیرۆشیمای ژاپۆندا تاقی کردەوە. شەڕەکە بە کۆڵدانی ژاپۆن کۆتایی ھات.

ئاکامی شەر ئەگەرچی بردنەوە بوو لە ئەورووپادا، بەڵام ئەمریکا دوورترین وڵات لە گەرمەی شەڕ بوو بۆیە بێ ئەوەی تووشی خاپووری و تێکچوونی ئابووری بێت بە درێژایی شەڕ گەشەی ئابووری بەردەوام بوو، بە شێوەیەک کە پاش شەڕی جیھانی دووھەم ئەمریکا بووە زلھێزترین ئابووری دونیا.

6- قۆناغی شەڕی سارد و ململانێی ناوخۆ:

پاش شەڕی جیھانی دووەم و لە درێژەی ئەوەی بە (شەڕی سارد) ناسراوە، ئەمریکا و سۆڤیەت کێبەرکێیان بوو بۆ گرتنی نازناوی زلھێزترینی وڵاتی جیھان؛ ئەگەرچی لەم شەڕەدا بەرەنگاری چەکی تێدا نەبوو، بەڵام ئەمریکا لەگەڵ کۆریای باکوورو چین لە ساڵی (1950) تاکو (1953) بە شەڕھات کە بە شەڕی کۆریا دەناسرێت. لە ناوخۆشدا بەرەنگاری بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکان دەبووەوە. لە ساڵی (1961)دا سۆڤیەت یەکەمین کەشتی ئاسمانی بە بنیادەمەوە نارد بۆ بۆشایی ئاسمان و ئەمە بە جۆرێک نیشانەیەکی پیشکەوتنی سۆڤیەت بوو و ھەروەھا جێگەی مەترسی بۆ ئەمریکا لەبەر ئەوەی تەکنەلۆجیای ئەو کەشتییە بۆ بۆردومانی ئەمریکاش دەکرا کەڵکی لێوەربگیرێت. کێبەرکێی ناوەکی دوو زلھێز لەم سەردەمەدا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی. ئەمەریکا لە ناوخۆ بەره‌نگاری بزووتنەوە نەتەوەپه‌رستەکان و ھەروەھا بزووتنەوەی مافخواز بە سەرکردایەتی (مارتین لوسەر کینگ) دەبووەوە.

(جۆن ئێف کێنێدی) سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ساڵی (1963)دا تیرۆرکرا، کاتێ ڕیچارد نیکسۆن بووە سەرۆک کۆمار، ئەمریکا دەستی بە شەڕێک کرد لە باشووری ئاسیا دا، لە ڤێتنام بەڵام سەرکەوتوو نەبوو بەڵکو دوای کوژرانی زیاتر لە (58) هەزار سەرباز شکستی هێنا و کشایەوە. پاش ڕیسواییەکەی واتێرگەیت، نیکسۆن یەکەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا بوو کە دەستی لە کار کێشاوە. ھاتنەسەرکاری جیمی کارتێر هاوکات بوو لەگەڵ بەدیلگیرانی دیپلۆماتەکانی ئەمریکا لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران لە لایەن چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. بە لەیەکجودابوونەوەی کۆمارەکانی یەکیەتی سۆڤیەت، شەڕی سارد کۆتایی هات.

7 - قۆناغی بوون بە زلهێزترین وڵاتی جیهان (سوپەر پاوەر):

دوای ڕووخانی دیواری بەرلین و بلۆکی سۆڤیەت، ئەمەریکا خەونی بوون زلهێزترین وڵات (سوپەر پاوەر)ی هاتەدی. لە کاتی دەسەڵاتداریی (جۆرج بووشی باوک) ئەمریکا لەشەڕی کەنداودا بەشداریکرد. لە ساڵی (1998) سەرۆک (بیل کلنتۆن) توشی ڕیسواییەکی سێکسی بوو بەڵام لە دەسەڵات مایەوە. ساڵی (2000) پاش ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، کەدادگای باڵای ئەمریکا ڕای کۆتایی سەبارەت بە ئاکامەکەی دەڕبڕی (جۆرج بووشی کوڕ) بووە سەرۆک کۆمار. گرووپی ئەلقاعیدە لە 11ی سێپتەمبەری ساڵی 2001 زنجیرەیەک پەلاماری تیرۆریستی لە شارەکانی نیویۆرک وواشینگتۆن ئەنجام دا کە نزیکەی (3000) کوژراوی لێکەوتەوە. ئەمریکا بە ھاوکاری ناتۆ ھێرشی کردە سەرئەفغانستان و تاڵیبان، دەوڵەتی ئەوکاتی ئەفغانستان و پاڵپشتی فەرمیی ئەلقاعیدەی سەرەوخوارکرد. لە ساڵی(2003)دا و ھەر لە کاتی بووشی کوڕدا بە ھاوکاری زۆرێک لە وڵاتانی دیکەی دونیا ھێرشی کردە سەر دەسەڵاتی بەعس و ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆری ڕووخاند. ساڵی (2008) ئۆباما وەک یەکەم ڕەش پێست بووە سەرۆکی ژمارە (44)ی ئەمەریکا و لەسەردەمی ئەودا و لە کۆتایی ساڵی (2011) بەپێی ڕێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی ناسراو بە (سۆفا) لەگەڵ حکومەتی عێڕاق ئەمەریکا هێزەکانی خۆی کشاندەوە کە بووە هۆی دروستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی گەورە و سەرهەڵدانی داعش و کۆشتارێکی زۆر و وێرانبوونی ناوچە سونیەکانی عێڕاقی لێکەوتەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی (2016)ی ئەمەریکادا بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بزنسمانی گەورە (دۆناڵد تره‌مپ) توانی ببێتە سەرۆکی ژمارە (45)ی ئەمەریکا و لە سەردەمی تڕەمپدا جیهان بەگشتی و هاوپەیمانانی ئەمریکا بەتایبەتی توشی دڵەڕاوکی بوون و ئەم سەردەشیان ناونا سەردەمی نادڵنیایی، بەڵام لە دوای چوار ساڵ نیگەرانی (جۆ بایدن) توانی لە دواین هەڵبژاردنەکانی ساڵی (2020)دا بەسەر (ترەمپ)دا سەربکەوێت و لە کوشکی سپی دووری بخاتەوە.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیره‌ وتاره‌كانی پێشوو كرته‌ له‌سه‌ر ژماره‌كان بكه‌: زنجیره‌ی یه‌كه‌م - زنجیره‌ی دووه‌م - زنجیره‌ی سێیه‌م - زنجیره‌ی چواره‌م