زنجیرە وتار بەشی 4- بنەما سەرەکیەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا:

"سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بناتنراوە بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەمەریکا نە دۆستی بەردەوام و نە دوژمنی بەردەوامی هەیە، بەڵکو بەرژەوەندی بەردەوامی هەیە"

ئه‌مه‌ریكا
ئه‌مه‌ریكا

بە زمانێکی سادە و بە کورتی و پوختی دەتوانین بڵێین بنەما سەرەکییەکانی سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا بریتین لە:
1- پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسی و سەربازییەکانی ئەمه‌ریکا.
2- پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا.
3- فەراهەمکردنی خۆشترین ژیان بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکا.
4- گرنگیدان لە ناوخۆ و برەودان لە دەرەوە بە (بەها پیرۆزەکان) کەوا ئەمەریکای پێ جیادەکرێتەوە لە وڵاتە دیکتاتۆرەکان، بەهاکانی ئەمه‌ریکا بریتین لە (دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادی تاک و ئازادی ڕادەربڕین...هتد).
ئەم چوار بنەمایەی سەرەوە فەلسەفەی کارکردنی هەردوو پارتە سەرەکییەکەی ئەمەریکان (کۆمارییەکان و دیموکراتەکان) بەڵام هەریەکەیان میکانیزم و شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا و فەراهەمکردنی خۆشگوزەرانی بڵاوکردنەوەی بەها بەرزەکان.

لێرەدا دەتوانین بەکورتی سیاسەتی ئەمەریکا پۆڵین بکەین بۆ:

1 -سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا:

سیاسەتی ناوخۆی ئەمەریکا چڕ بۆتەوە بۆ بەدیهێنانی (خەونی ئەمەریکی American dream) لە خوارەوە بەکورتی باس لە چەمکی (خەونی ئەمەریکی) دەکەین:
کاتی خۆی بەهۆی کەشتییەوە زۆرێک لە پەنابەران کاتێک کۆچیان دەکرد بۆ ئەمەریکا یەکەم شت کە دەیانبینی (پەیکەری ئازادی) بوو، هەر بۆیە ئەم پەیکەرە بووە ڕەمزی ژیانێکی ئازاد و نوێ و شکۆمەند، ئێستاش بە نیشانەی خەونی ئەمەریکی ناسراوە.
کەواتە دەتوانین بڵێین خەونی ئەمەریکی: هەستێکی نەتەوەیی گەلی ئەمەریکایە، کە چەند بیرۆکەیەک دەگرێتەوە لەوانە ئازادی و هەلیکار و سەرکەوتنی دارایی و هەستکردن بە یەکسانی لە ئەرک و مافدا، (جەیمس تروسلۆو ئادامز) لە ساڵی (1931) پێناسەی کردووە بە توانای فەراهەمكردنی ژیانێکی باشتر و دەوڵەمەندتر و شەڕەفمەندانەتر و بەختەوەرتر، ئەم خەونە لە دێری دووەمی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمەریکا بەم شێوەیە ئاماژەپێکراوە:
هەموو پیاوان بە یەکسانی دروستکراون و دروستکاریان هەندێ مافی نەگوازراوی پێ بەخشیون لەوانە ژیان و ئازادی و هەوڵی بەدەستهێنانی بەختەوەری، بۆیە حکومەتی ئەمەریکا لەسەر بنەمای ئەم قسەیەی ئەبراهام لینکۆڵن (16)مین سەرۆکی ئەمەریکا کاردەکات کە دەڵێت:

مانا قوڵەکەی ئەم قسەیەی ئەبڕاهام لینکۆڵن (کە دوای جۆرج واشنتن بە گەورەترین سەرۆکی ئەمەریکا لەقەڵەم دەدرێت) ئەوەیە کە "حکومەتێک هی خەڵک بێت و لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرا بێت و لە پێناو خزمەتکردنی خەڵک کار بکات، لەناو ناچێت لە سەر زەوی".

“that government of the people, by the people, for the people, shall not perish from the earth” Abraham Lincoln

بۆیە حکومەت لەدیدگای کۆمەڵگای ئەمەریکیدا بەچاوی دەزگایەک یاخود ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی گۆمەڵگا سەیر دەکرێت، حکومەتیش بە ئەرکی خۆی دەزانی کە هەموو هەوڵێک بخاتە گەڕ لە پێناو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی ئەمریکا.

2- سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا:

سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی بناتنراوە بۆیە دەتوانین بڵێین کە ئەمەریکا نە دۆستی بەردەوام و نە دوژمنی بەردەوامی هەیە، بەڵکو بەرژەوەندی بەردەوامی هەیە، ئەم ڕاستیەش لە سەردەمی سەرۆکی پێشوو (دۆناڵد تره‌مپ) بە ڕوون و ڕاشکاوی دەرکەوت کاتێک گوتی "America is First" واتا ئەمەریکا یەکەمە و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە پێش هەموو شتێکەوەیە، لەو سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین بنەما سەرەکیەکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بریتیە لە پاراستنی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووری و
سەربازیەکانی خەڵکی ئەمەریکا.

ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە کەوا واشنتن چەقی بڕیارە چارەنوسسازەکانی جیهانە هەروەها ئەمەریکا بەهۆی پێگەکەیەوە بە زلهێزترین وڵاتی جیهان دەناسرێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر دۆخی ئابووری و سیاسی و سەربازی هەموو دنیا، چونکە ئەمەریکا ئەندامی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە بارەگا سەرەکیەکەی لە شاری نیویۆرکە، هەروەها ئەمەریکا ئەندامی (G8 و NATO و G20) پەیوەندییەکی تایبەتی ھەیە لەگەڵ بەریتانیا و ئیسڕائیل و پەیوەندییەکی قایمیشی ھەیە لەگەڵ کۆمەڵێک ووڵاتانی وەک (فەڕەنسا، ئەڵمانیا، کەنەدا، ئۆسترالیا، نیوزیالند، فیلیپین، ژاپۆن، کۆریای باشوور...هتد). ھەروەها ئەندامی دەمەزرێنەری ڕێکخراوی ناتۆیە و ھاوکاری و هەماهەنگی تەواوی ئەندامانی ناتۆ دەکات لە ھەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایش بۆ وڵاتەکانیان.

لە کۆتاییدا بە کورتی و پوختی دەتوانین بڵێین کەوا ئەمەریکا لە ڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و....هتد زلهێزترین ووڵاتە، هەروەها ئەمەریکا بە پۆلیسی جیهان لەقەڵەم دەدرێت، چونکە لەسەرانسەری دونیادا نزیکەی (865) پێگەی سەربازی ھەیە و هەندێک جار بە (ئیمپراتۆری پێگەکان) ناوی دەبەن.

بۆ خوێندنه‌وه‌ی زیره‌ وتاره‌كانی پێشوو كرته‌ له‌سه‌ر ژماره‌كان بكه‌: زنجیره‌ی یه‌كه‌م - زنجیره‌ی دووه‌م - زنجیره‌ی سێیه‌م 

* کـــارۆخ خـــۆشناو
(سەرۆکی ئینستیتۆی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی)