زنجیرە وتار بەشی 5- ئابووری ئەمەریکا

Kurd24

سێکتەری (ئابووری) ئەمەریکا سەنتەری هەموو کار و کاردانەوەکانی ئەمەریکایە، بە مانایەکی تر، سیاسەت و ستراتیژیەتی هەموو سێکتەرەکانی ئەمەریکا (بە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتەوە) لە خزمەت بەرژەوەندی سێکتەری ئابووری ئەمەریکا دایە.

ئەمەریکا خاوەنی سیستەمێکی زەبەلاحی ئابووری کەپیتەڵیزم و سەرمایەداری و بازاڕی ئازادە کە بە سەرچاوەی سرووشتی و مرۆیی و ژێرخانی بەھێز دەوڵەمەندکراوە، بە پێی لێژنەی نێودەوڵەتی دراو، ئابووری ئەمەریکا (25%) ئابووری هەموو جیهان پێکدەهێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا یەکێک لەو دیاردە ناشیرنانەی لە زۆربەی شارەکانی ئەمەریکا بەرچاوم کەوت، دیاریدەی هەژاری و خەڵکی بێ ماڵ (Homeless) بوو، لەوکاتەدا پرسیارێکم لەلا گەڵاڵە بوو:

چۆن دەبێت ئەمەریکا لەلایەک خاوەن زلهێزترین ئابووری جیهان بێت و لەلایەکی تریش نزیکەی (8) ملیون هاووڵاتی ئەمەریکی لەسەر شەقام بخەون و بێ ماڵ و حاڵ بن؟

دواتر بۆم دیارکەوت کە زۆربەی ئەو خەڵکانەی لەسەر شەقام دەخەون خەڵکی کار نەکەر و تەمبەڵ و دۆڕاو و ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکانن، سیستەمی ئابووری ئەمەریکاش بەشێوەیەک رێکخراوە کە دەبێت هەموو کەسێک کار بکات بۆ ئەوەی بەشکۆمەندی بژی، بە جۆرێک کە تاکەکانی کۆمەڵگای ئەمەریکی ڕۆژانە لە کاتژمێر (8)ی بەیانی لە سەر کارن تاکو (4)ی ئێوارە، ئەمەش فەلسەفەی مانەوەی ئابووری ئەمەریکایە لە لووتکەدا.

(دۆلار) دراوی ئەمریکایە و بەهێزترین و سەرەکیترین دراوی سەرانسەری جیهانە، لە دوای راگەیاندنی سەربەخۆی ئەمەریکا، کاتێک بڕیاریاندا (دۆلار) لە سکە بدەن، پێشنیازیان بۆ (جۆرج واشنتن) کرد کە وێنەکەی بخرێتە سەر دراوی (100$) دۆلاری تاکو بەهۆی بەهێزی کەسایەتیەکەیەوە دۆلار بەهێزتر بێت، سەرەتا (جۆرج واشنتن) رازی نەبوو کە وێنەکەی بخرێتە سەر دۆلار بەڵام دوای فشارێکی زۆر رازی بوو، گوتی ڕازیم بە مەرجێک (دەبێ وێنەکەم بخرێتە سەر تاک (1$) دۆلاری نەک سەد (100$) دۆلاری، چونکە هەمووکەسێک دەتوانێت تاک دۆلارێکی دەست بکەوێت، بەڵام رەنگە هەموو کەسێک نەتوانێت سەد (100$) دۆلاری دەست بکەوێت، بۆیە وێنەی (جۆرج واشنتن) لەسەر تاک دۆلار کێشرا.

ئەمەریکا ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات، بۆیە پلەی یەکەمی گرتووە لە هاوردەکردنی کەلوپەل بۆ ناوخۆ و لە ھەناردنیشدا پلەی دووەمی ھەیە.

ئەم وڵاتانەی خوارەوە گەورەترین ھاوکاری بازرگانی و ئابووریی ئەمه‌ریکان:

(کەنەدا، چین، مەکسیک، ژاپۆن ، ئەڵمانیا، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی) ئەمەریکا لە هەموو شتێک زیاتر (نەوت) هاوردە دەکات و لەهەموو شتێک زیاتر (ئۆتۆمبیل) هەناردە دەکات، وڵاتی چینیش گەورەترین (قەرزڕاگری) ئەمریکایە.

ئەمەریکا پێشەنگی وڵاتانی دنیایە لە رووی تەکنەلۆژیای (IT) ئای تی و ئەلیکترۆنیات و پیشەسازی و کشتوکاڵ و ماددە کیماییەکان هەروەها ئەمه‌ریکا سێھەمین بەرھەم ھێنەری نەوتە لە دنیادا و ھاوکات گەورەترین هاوردەکەری نەوتیشە، پلەی یەکەمی ھەیە لە بەرھەمھێنانی کارەبا و وزەی ناوەکی و ھەروەھا گازی سرووشتی، شلە، سولفور، فۆسفات و خوێ، لە ھەمان کاتدا ئەمه‌ریکا گەورەترین بەرھەمھێنەری پێپسی و کۆکا کۆلا و مەکدۆناڵدە، کە سێ ناسراوترین براندەکانی دنیان.

ئەمەریکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ژمارەی کرێکاری ھەیە، بەجۆرێک ژمارەی کرێکارانی ئەمەریکا لە ساڵی (2019)دا نزیکەی (165) ملیون کرێکار بوون، هەروەها گەورەترین و باشترین خزمەتگوزاری (سەلامەتی کۆمەڵگایی) ھەیە، ئەگەرچی (پەتای کۆرۆنا) شڵەژانێکی بێوێنەی لە سێکتەری ئابووری ئەمەریکادا دروست کرد، بە جۆرێک ئەمەریکا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد لە رێژەی بێکاری و رێژەی تووشبووانی کۆرۆنا و رێژەی مردوواندا، بەڵام دوای دۆزینەوی (ڤاکسینی فایزەر و جۆنسۆن & جۆنسۆن) ئەمەریکا خەریکە لەرووی ئابووریەوە دەگەڕێتەوە ئاستی جارانی و بگرە بە هێزتریش، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆکی نوێی ئەمەریکا (جۆ بایدن) گوتی لە (4)ی تەموزدا کە (هاوکاتە لەگەڵ یادی سەربەخۆیی ئەمەریکا) ئاهەنگی ڕزگاربوون لە کۆڕۆنا دەگێڕین.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە:

ئایا چۆن ئەمەریکا بووتە خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهان؟

وەڵام: کۆمەڵێک فاکتەر لە پاڵ بە (سوپەرپاوەر) بوونی ئەمەریکان لە ڕووی ئابووریەوە گرنگترینیان:

1- سەقامگیری سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی ئەمەریکا (بە هۆی بوونی دەستورێکی ڕێزلێگیراو) لە ئەنجامدا سەقامگیری و بەهێزی سێکتەری ئابووری و  بازرگانی لێکەوتۆتەوە.

2- بە هۆی پیادەکردنی سیستەمی سەرمایەداری (کاپیتاڵیزم) و بازاڕی ئازاد کە هیچ بەربەستێک ناناسێت جگە لە بەدەست  هێنانی قازانج.

3- ئەمەریکا لە (چوار) شۆڕشی پیشەسازی خاوەنداریەتی و پێشەنگی سەرهەڵدانی (سێ) شۆڕشی کردووە:

شۆڕشی پیشەسازی یەکەم لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەم لە بەڕیتانیا سەریهەڵدا، کاتێک (ئامێر) داهێنرا و جێگای دەستی کاری مرۆڤی گرتەوە بە تایبەت لە سێکتەری کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی لۆکە.

شۆڕشی پیشەسازی دووەم لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەم لە ئەمەریکا سەریهەڵدا، کاتێک کارەبا داهێنرا و گۆڕانکاری گەورەی دروستکرد لە بەرەو پێشچوونی هەموو سێکتەرەکان بەتایبەت سێکتەری ئابووری.

شۆڕشی پیشەسازی سێهەم لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لە ئەمەریکا سەریهەڵدا، کاتێک (کۆمپوتەر) داهێنرا و گۆڕانکاری گەورەی دروستکرد لە بەرەو پێشچوونی هەموو سێکتەرەکان بەتایبەت سێکتەری ئابووری.

لە سەدەی بیست و یەکەمیشدا ئەمەریکا پێشەنگی ووڵاتە پێشکەوتووەکان دەکات لە خاوەنداریەتی شۆڕشی پیشەسازی چوارەم کە بریتیە لە (شۆڕشی ژمارەیی و زیرەکی دەستکرد AI و نانۆ تەکنەلۆجی و...هتد) کە گۆڕانکاری گەورەی دروست دەکات لە بەرەو پێشچوونی هەموو سێکتەرەکان، بەتایبەت سێکتەری ئابووری.

لە کۆتاییدا گرنگە ئەم ڕاستیە بزانین کەوا (بەهێزی و دوڵەمەندی سێکتەری ئابووری ئەمەریکا) چەندە پشت بەستووە بە سەرچاوە سروشتیەکان، دوو ئەوەندە پشت بەستووە بە سەرچاوە مرۆییەکان و عەقڵەداهێنەرەکان، واتە دەکرێ بڵێین داهاتی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای وەک (ئەپڵ و مایکرۆسۆفت) زۆر زیاترە لە داهاتی سەرچاوە سروشتیەکانی وەک نەوت و کانزاکانی تر، بۆ نمونە تێچووی دروستکردنی یەک مۆبایلی (ئەپڵ) چەند دۆلارێکە بەڵام لە بازاڕەکانی جیهاندا بە سەدان دۆلار دەفرۆشرێتەوە، کەواتە داهاتی وەبەرهێنان لە سامانی مرۆیی و داهێنانی عەقڵیدا زۆر زیاترە لە داهاتی وەبەرهێنان لە سامانە سروشتیەکان، ئەمەش وایکردووە کەوا داهاتی کەسێکی وەک (بیڵ گێتس) کە لە یەک چرکەدا (226$) زیاتر بێت لە کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی نەوت، کەواتە ئەمەریکا تەنها لە ڕێگای سەرچاوەی سروشتیەکان نەبۆتە (سوپەرپاوەری ئابووری) بەڵکو لە ڕێگای سەرچاوەی مرۆیی و داهێنانی عەقڵیشەوە بووەتە خاوەن بە هێزترین ئابووری جیهان، ئەگەر سەیری داهاتی تەنها دوو کۆمپانیای وەک (فەیس بوک و تویتەر) بکەین ئینجا تێدەگەین کەوا داهاتی (داهێنانی عەقڵی مرۆڤ) چەند زیاترە لە داهاتی سەرچاوەیەکی سروشتی وەک نەوت، هەر ئەمەشە وایکردووە نرخی کۆمپانیای (فەیسبوک) زیاتر بێت لە نرخی کۆمپانیای (ئارامکۆی سعودیە) کە زیاترە لە (700) ملیار دۆلارە! لێرەوە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کەوا دەوڵەمەندی سێکتەری ئابووری ئەمەریکا تەنها بەهۆی سامانە سروشتیەکانیەوە نیە، بەڵکو بەهۆی عەقڵی پشت دروستکردنی مۆبایلەکان و ئەپڵیکەیشنەکانی ناو مۆبایلەکانن وەک (فەیس بوک و تویتەر و ئینستگرام....هتد)

بۆیە گرنگە ئێمەی کوردیش هەڵوەستەیەک بکەین و سود لە ئەزموونی ئەمەریکا وەربگرین، تاوەکو لە پاڵ وەبەرهێنان و پشت بەستن بە تەنها سەرچاوە سروشتیەکانی وەک نەوت و گاز، هەوڵ بدەین پشت ببەستین بە وەبەرهێنانی مرۆیی و داهێنانی عەقڵی و سەرچاوە جۆراوجۆرەکانی تر.

بۆ خوێندنه‌وه‌كانی زنجیره‌ وتاره‌كانی پێشووتر، كرته‌ له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ بكه‌:

وتاری یه‌كه‌م – وتاری دووه‌م – وتاری سێیه‌م – وتاری چواره‌م

٭ کــارۆخ خــۆشناو

(سەرۆکی ئینستیتۆتی توێژینەوەی ئەمەریکی-کوردی