کچێک لە گەراجی وەزارەتی کارەبا كوژرا
فەرمانبەری وەزارەتی كارەبایە
K24 – ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا كچێك لە گەراجی وەزارەتی كارەبا لەلایەن كوڕێكەوە بە دەمانچە تەقەی لێكرا و بریندار كرا، دوای ئەوەی گەیەنرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی قسەی شایەتحاڵەکان کچەکە فەرمانبەرە ماوەیەکە لە کوڕێک مارە کراوە، کوڕێکی دیکە کە فەرمانبەر بووە لە وەزارەتی کارەبا دڵی پێوە بووە و کە زانیویەتی مارە کراوە چووەتە وەزارەت و تەقەی لێكردووە".
موقەدەم ھۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە كوردستان24ی گوت: "كەمێك پێش ئێستا پەیوەندییان پێوەكردین كچەكە گیانی لەدەستدا".
گوتیشی: "پێشتر ئەو كوڕە چەند جارێك خوازبێنی كچەكەی كردووە و دواتر كچەكە لە كەسێكی دیكە مارەكراوە و كوڕەكەش باری دەروونی تێكچووە".
روونیكردەوە: "چونكە ئەو كەسەی تەقەی كردووە فەرمانبەری بووە بۆیە لە پرسگەی وەزارەت نەپشكێنراوە و كە بزانرێت دەمانچەی ھێناوە".
وتەبێژی پۆلیسی ھەولێر، راشیگەیاند: "ئێستا لە سەرەتای لێكۆڵینەوەكانداین دواتر وردەكاری لەبارەی رووداوەكە دەزانرێت".