ئەو تەقینەوە ئەتۆمییەی تاوەکو ئێستا بە نهێنی هێڵدراوەتەوە
یەکێتی سۆڤیەت چ کارەساتێکی شاردەوە کە تاوەکو ئێستاش کاریگەرییەکانی ماوە؟
K24- هەولێر:
لە ساڵی 1957، رووداوێکی گەورە لە وێستگەی ئەتۆمی مایاک لە یەکێتی سۆڤیەتیی جاران روویدا. لە سەردەمی خۆیدا، گەورەترین کارەسات بوو بە هۆی بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکیی روویدابێت، بەڵام سۆڤییەتییەکان، سەرەڕای گەورەی رووداوەکە، بۆ ماوەی چوار دەیە شاردیانەوە.
رووداوەکە لە سەرەتای جەنگی سارد روویدا ئەمەش کاتێ جۆزێف ستالین لە بارەی پرۆژەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئەمەریکاوە زانی، بڕیاریدا ئەوانیش ببنە خاوەنی چەکەکە. دەستیانکرد بە دروستکردنی چەند شوێنێکی نهێنی؛ یەکێک لە هەرە گرنگترینەکان، وێستگەی مایاک بوو کە تێیدا ماددە پێویستەکانی بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم دەهات.
لە نزیک ئەو وێستگەیە، شارێکی نهێنی هەبوو، پێی دەگوترا چێلیابینسک- 40، شارێکی ئەتۆمیی بوو، لەسەر نەخشە بوونی نەبوو، ئەو خەڵکەشی لەوێ دەژیان، لەسەر کاغەز و بەڵگەکان بوونیان نەبوو. کەس نەیدەتوانی سەردانی بکات، تەنها ئەو کەسانە نەبێت، وەکو هاووڵاتی هەمیشەیی لەو شارە لەقەڵەم درابوون.
نادێژا کوتێپۆڤا، دانیشتووی پێشووی ئەو شار دەڵێت: ''من لە بارەی وێستگەکە دەمزانی، باوکم ئەندازیاربوو لەوێ، زۆربەی خەڵکی شارەکە لەوێ کاریان دەکرد''.
ستالین دەیوست بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی ببێتە یەکەم کاری سۆڤیەت تاوەکو رکابەری ئەمەریکا بکات، بەمەش هەندێک لە لایەنی تەندروستی و ئاسایشی وێستگەکان فەرامۆشکرابوون.
پاشەڕۆکانی وێستگەکە لە رووبارێکی نزیک لە وێستگەکە بە ناوی ''تێچا'' کە سەرچاوەی ئاوی شارەکە و چەند گوندێک بوو فڕێدەدران، دواتر کە بە مەترسییەکانیان زانی، بڕیاریاندا لە ژێر زەمینێک پاشماوە و پاشەڕۆکان بشارنەوە.
جۆرج ستێینهاوسەر، پسپۆڕی بواری کێمۆرەیدیۆ ( تیشکدانەوەی کیمایی) ئاشکرای دەکات: ''لە ساڵی 1957، کاتێک ساردکەرەوەی یەکێک لە ژێرزەمینەکان لەکار دەکەوێت. شلەکان بوونە هەڵمێکی خەست، ئەمەش بووە هۆی تەقینەوەیەک کە تیشکدەرەوەیەکی زۆری ناردە ئاسمان''.
500 هەزار خەڵکی ناوچەکە و دەوروبەری کاریگەری ئەو تیشکە کیمیایەیان لەسەر بوو، ژینگەکە پیسبوو، 11 هەزار کەس لە 23 گوند، شوێنەکانیان چۆڵکرد، هیچ شتێکیش بە دانیشتووان نەوترا. لەبری ئەوە هۆکاری هەڵەیان بە خەڵک دەگووت، بۆ نموونە ''بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی دەگمەن''.
یەکێتی سۆڤیەت لەبەر دوو هۆکار رووداوەکەی شاردەوە، یەکەم لەبەر ئەوەی تەواوی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی نهێنی بوو، دووەم لەبەر ئەوەی تازە کەشتییەکی ئاسمانیان بە سەرکەوتووی هەڵدابووە ئاسمان، کە لەو کاتە بووە گەورەترین شانازی سۆڤییەت و وەکو پروپاگندەش بەکاریان دەهێنا.
دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، جیهان لەبارەی رووداوەکەی زانی و میدیاکان باسیان لێوەکرد.
نادێژا کوتێپۆڤا دەڵێت: ''کاتێک لە میدیاکان بڵاوبووەوە پاشان زانیم کە من لە چ دۆخێکدا ژیاوم، باوکم و داپیرم بە شێرپەنجە مردن، کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکەکە زۆر بوو''.
دەشڵێت: ''تەنانەت منداڵەکانم کاریگەرییان لەسەرە، منداڵێکم شەش پەنجەی هەبوو کە لە دایکبوو و منداڵێکی دیکەشم تووشی نەخۆشی پێست بووە''.
کەناڵی بی بی سی، لە بەدواداچوونێکی ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی ئەوەی کاریگەرییەکان درێژخایەن بوون، نازانرێت چەند کەس بەهۆی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام دەیان هەزار کەس بوونەتە قوربانی؛ ئەوروپییەکان ئێستاش گلەیی ئەوە دەکەن، ئەو وێستەگەیە، تیشکدانەوەی هەر ماوە. رووسیا رەتی دەکاتەوە؛ ئەمەش وایکردووە ئەو ناوچەیە و رووداوەکەش، بە نهێنی بمێننەوە.
BBC