واشنتن سزای نوێ بەسەر تۆڕەکانی دابینکردنی مووشەک و درۆنی ئێراندا دەسەپێنێت
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "رقی ئابووری"ـیدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا گەڕێکی نوێی سزاکانی بەسەر تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی دابینکردنی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێراندا سەپاند، کە چەندین کەسایەتی و کۆمپانیا لە ئێران، تورکیا و ئیمارات دەگرێتەوە.
سێشەممە، 21ـی نیسانی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی بیانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سزای بەسەر 14 کەسایەتی، قەوارەی بازرگانی و فڕۆکەدا سەپاند کە بنکەکانیان لە ئێران، تورکیا و ئیماراتە. ئەم لایەنانە تۆمەتبارن بەوەی بەشدار بوون لە دابینکردن و گواستنەوەی چەک و پارچە سەربازییەکان بۆ ئێران.
بە پێی راگەیەنراوی وەزارەتەکە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "رقی ئابووری" دێت و ئامانج لێی پەکخستنی هەوڵەکانی تارانە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانای بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری "شاهید"، کە بۆ هێرشکردنە سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا و ژێرخانە ستراتیژییەکانی وزە لە ناوچەکەدا بەکاری دەهێنێت.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەم بارەیەوە رایگەیاند: "پێویستە ئێران بەرپرسیارێتیی تێکدانی بازاڕەکانی وزە و بەئامانجگرتنی بێسەروبەری مەدەنییەکان بگرێتە ئەستۆ."
ئاماژەی بەوەش کرد، کە لەژێر سەرکردایەتیی ترەمپدا، وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوونی سەرچاوە داراییەکان و سزادانی ئەو لایەنانەی هاوکاری تاران دەکەن.
تۆڕی دابینکردنی پارچەی درۆنەکان
سزاکان بە پلەی یەکەم کۆمپانیای پێشگام ئەلیکترۆنیک دەگرێتەوە، کە تێوەگلاوە لە دابینکردنی هەزاران پارچەی ئەلیکترۆنی و بزوێنەر بۆ هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران، کە دواتر لە درۆنەکانی (شاهد-136)دا بەکارهێنراون.
کەرتی مووشەکی و سووتەمەنی
لە بەشێکی دیکەی سزاکاندا، کۆمپانیایەکی تورکی بەناوی ئیمتی فایبەر سزادراوە، بەهۆی رەوانەکردنی چەندین باری ماددەی کیمیایی بۆ کۆمپانیا ئێرانییەکان، کە بۆ باشترکردنی کارایی سووتەمەنیی مووشەکە بالیستییەکان بەکار دەهێنرێن.
هێڵە ئاسمانییەکان و ماهان ئێر
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هێڵی ئاسمانیی "ماهان ئێر" بەردەوامە لە گواستنەوەی سیستەمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەک بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران. لەم چوارچێوەیەدا، کۆمپانیاکانی (سێپێهر کاڤە کیش) و (سامان ئێر سێرڤیسز) سزادراون، کە هاوکارییان کردووە لە ناردنی چەک و درۆن بۆ وڵاتی ڤەنزوێلا. هەروەها دوو فڕۆکەی جۆری بۆینگ 777 بە ناوەکانی (EP-MTE) و (EP-MTB) خراونەتە لیستی گەمارۆکانەوە.
بەپێی بڕیارەکە، تەواوی دارایی و بەرژەوەندییەکانی ئەم کەس و کۆمپانیایانە لە ناو ئەمریکا بلۆک دەکرێن، هەروەها هەر هاووڵاتی یان بانکێکی ئەمریکی یان نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵ بکات، رووبەڕووی سزای قورسی دارایی و یاسایی دەبێتەوە.