"لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای بودجە، دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان و عێراق دەچێتە قۆناغێكی باشتر"

"پێویستە لە پەرلەمانی عێراق یاسای نەوت و گاز دەرچێت"

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – ھەولێر:

دوای پەسندكردنی بوودجەی 2021 لە پەرلەمانی عێراق، ئێستا كاتی جێبەجێكردنی ماددە و برگەكانی نێو یاسایەكەیە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە ماف و شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران. بڕیاردەری لێژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان ئەو بڕە پارەیە ئاشكرادەكات، كە حكومەتی ھەرێمی كوردستان مانگانە پێویستیەتی بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین.

مەحەمەد ئێلخانی، بڕیارده‌ری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان گوتی: حكومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران بەبێ لێبڕین، مانگانە پێویستی بە 895 ملیار دینارە.

ئاماژەشیكرد، لەگەڵ جێبەجێكردنی یاسای بودجە، دۆخی دارایی ھەرێمی كوردستان و عێراق دەچێتە قۆناغێكی باشتر.

بەپێی یاسایەكە، پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ئەم ساڵ %،12.67 كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 12‌ ترلیۆن دیناری عێراقی. ھەستیارترین دۆسیە، كە ھەولێر و بەغدا لەسەری گەیشتوونەتە رێككەوتن؛ نەوتە.

گولیزار رەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "بۆ چارەسەركردنی كۆی دۆسیەی نەوت، پێویستە لە پەرلەمانی عێراق یاسای نەوت و گاز دەربچێت".

رێككەوتنەكە دوای ھەوڵێكی زۆر و پێداگیری كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دێت، بۆ دەستەبەركردنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی ھەرێمی كوردستان، لەسەر بنەمای دەستووری عێراق.