دیپلۆماتکارێکی رووسیا: رێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران لەقۆناغی رەشنووس دایە

بۆرێل: "هەردوو لا مەبەستیانە بگەنە رێککەوتن"

ئاڵای ئێران
ئاڵای ئێران

K24 – ھەولێر:

دیپلۆماتکارێکی رووسیا ئاشکرایكرد، رێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران لەقۆناغی رەشنووس دایە.

میخایل ئولینۆڤ، باڵیۆزی رووسیا لە ڤییەننا بەشداری گفتوگۆکانی رێککەوتنی ئەتۆمی کردووە و گوتی: "هەرچەندە رێککەوتن لەسەر هەندێک بابەت هێشتا زۆری ماوە، بەڵام هەنگاوی باش چووینەتە پێشەوە و لە ئامانجەکە نزیک بووینەتەوە و ئێستا رێککەوتنەکە لە قۆناغی رەشنووس دایە".

لەسەرەتای ئەم مانگەوە، دیپلۆماتکارانی بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، و روسیا بەجیا لەگەڵ هەر یەکە لە ئێران و ئەمەریکا لە ڤییەننا دەستیان بە کۆبوونەوە کردووە بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران.

لە لایەكی دیكەوە، جۆزێپ بۆرێڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا گوتی: ئەمەریکا و ئێران دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن و هەنگاوی باش بەو ئاراستەی  نراون.

ئاماژەشیكرد، داواکاری هەردوولاش روونە. ئێران دەیەوێت سزاکانی لەسەر هەڵگیرێت، لایەنی ئەمریکیش دەیەوێت بەتەواوی وەک خۆی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت.

بۆرێڵ گوتیشی: ناتوانم بچمە ناو وردەکارییەکانەوە، بەڵام هەردوولا مەبەستیانە بگەنە رێککەوتن و وردەکارییەکانم لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا باسکردوون.