ئەڵمانیا هەموو سەربازەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە
ئەڵمانیا وەک دووەم وڵات هەزار و 100 سەربازی لە ئەفغانستانە
K24 – ھەولێر:
سەرەتای مانگی داهاتوو ئەڵمانیا هەموو سەربازەکانی لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا رایگەیاند، پلانیان داناوە بۆ کشاندنەوەی سەربازەکانیان لە ئەفغانستان و چواری مانگی داهاتوو دەست بە جێبەجێکردنی دەکەن.
بڕیارەکەی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا دوای بڕیارەکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دێت کە رایگەیاند، 11ی سێپتێمبەری ئەم ساڵ ھێزەكانی ئەمەریكا بەیەکجاری لە ئەفغانستان دەکشێنەوە.
لە چوارچێوەی هێزەکانی ناتۆ 9 هەزار و 600 سەربازی 36 وڵاتی ئەندامی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی لە ئەفغانستان ھەن. لەو ژمارەیە 2 هەزار و 500 سەربازیان ئەمەریکایین و ئەڵمانیاش وەک دووەم وڵات هەزار و 100 سەربازی لە ئەفغانستانە.