شانەی جەنگ: سوپا و حەشدی شەعبی لە رزگارکردنی فەللوجە بەشدار دەبن
"20 هەزار پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق لە دەوروبەری فەللوجە جێگیرکراون بۆ چوونە نێو شارۆچکەکە"
K24-هەولێر
شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق رایگەیاند سوپا و هێزەکانی دژە تیرۆر و پۆلیس و حەشدی شەعبی و هۆزەکان لە شەڕی فەللوجە بەشدار دەبن و پرۆسەی رزگارکردنی شارۆچکەی فەللوجە لە بندەستی داعش عێراقی دەبێ.
شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی: "پرۆسەی رزگارکردنی شارۆچکەی فەللوجە عێراقی دەبێ و هەموو هێزەکان بە سوپا و هێزی دژە تیرۆر و پۆلیسی و حەشدی شەعبی و هۆزەکان و هێزی ئاسمانیی و فڕۆکەوانیی سوپا تێیدا بەشدار دەبن و تاکە بژاردەی هێزە ئەمنییەکان لەم پرۆسە سەرکەوتن و رزگارکردنی فەللوجەیە لە تیرۆریستان".
شانەی رۆژنامەوانیی جەنگ هاوکات داوای لە دانیشتوانی فەللوجە کرد خۆ ئامادە بکەن بۆ جێهێشتنی شارۆچکەکە و بە چەند رێگەیەک کە دواتر ئاشکرا دەکرێن و داوای لە دانیشتوانی شارۆچکەکە کرد خۆیان دوور بگرن لە بارەگا و مۆڵگەکانی داعش لە فەللوجە.
هاوکات فەرماندەی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق فەریق رائید شاکر جەودەت لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "20 هەزار پۆلیسی فیدڕاڵ بە پشتیوانی زریپۆش و یەکەکانی تۆپخانە گەیشتنە ناوچەکانی دەوروبەری شارۆچکەی فەللوجە (نزیکەی 50 کم رۆژئاوای بەغدا) بۆ ئامادەکاریی چوونە نێو شارۆچکەکە".
سوپای عێراق هەفتەی رابردوو شارۆچکەی روتبە لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکرد. ئەم پێشڕەوییەش وەک چاودێران دەڵێن رێگەخۆشکەرە بۆ دەستپێکردنی هێرشی گرتنەوەی فەللوجە.
شارۆچکەی فەللوجە لە سەرەتای ساڵی 2014وە کەوتووەتە بندەستی چەکدارانی داعش و سەرەرای هەوڵە بەردەوامەکانی هێزەکانی عێراق بۆ گرتنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام فەللوجە هێشتا لە بندەستی داعشدایە و شارۆچکەکە بە پێگەیەکی سەرەکی داعش هەژمار دەکرێت لە عێراق.
ئا: ئا ، ف