یۆنان کەمپی ئیدۆمینی لە کۆچبەران چۆڵ دەکات
کەمپەکە لەسەر سنووری نێوان یۆنان و مەکدۆنیایە و کۆچبەرێکی زۆری تێدا نیشتەجێیە
K24-ھەولێر
دەزگای هەماهەنگی لەبارەی قەیرانی کۆچبەرانەوە لە یۆنان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند پرۆسەی چۆڵکردنی کەمپی ئیدۆمینی لەسەر سنوورمان لەگەڵ مەکدۆنیا لە کۆچبەران و پەنابەران لەسەرخۆ و بەهێمنی بەڕێوەدەچێ.
گوتەبێژی دەزگاکە یۆرگۆس کیریتسیس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "پرۆسەکە ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 04:00 بە کاتی گرینیچ دەستیپێکرد و بە هێمنی و لەسەرخۆیی بەڕێوەدەچێت و هیچ پێویست ناکات هێز بەکاربهێنین".
یۆرگۆس کیریتسیس پێشتر ئاشکرای کرد: "پرۆسەی چۆڵکردنی کەمپەکە کە 8400 کەس تێیدا نیشتەجێن بەلانی کەم 10 رۆژ دەخایەنێ".
ئەمە لە کاتێکدایە 700 پۆلیس بە لانی کەم لە پرۆسەکە بەشدارن، وەک سەرچاوەکانی پۆلیسی یۆنان دەڵێن.
هاوکات بڕیارە دانیشتوانی کەمپەکە بگوازرێنەوە بۆ ناوچەیەکی نزیکی شاری تیسالۆنیک دووەم گەورە شاری یۆنان کە کەوتووەتە باکووری ئەو وڵاتە.
ئا: ئا ، ف