ڤانس: لە دانوستانە ئاڵۆزەکان لەگەڵ ئێراندا پێشکەوتن بەدیهاتووە
جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە سویسراوە بە میدیاکانی رایگەیاند کە سەرەڕای ئاڵۆزی و سەرلێشێوێنەریی ئێرانییەکان لە دانوستاندا، گفتوگۆکانی نێوانیان لە پێشکەوتندایە، هاوکاریش هۆشداریی دا لەوەی کە نابێت دەنگۆ و زانیارییەکانی سۆشیاڵ میدیای ئێرانی بە راست وەربگیرێن.
دووشەممە 22ـی حوزەیرانی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە سویسراوە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند کە سەرەڕای ئەوەی ئێرانییەکان دانوستانکاری "ئاڵۆز و سەرلێشێوێنەرن"، بەڵام گفتوگۆکانی سویسرا لە پێشکەوتندایە و هەنگاوی ئەرێنی بەرەو رێککەوتن نراوە.
ڤانس لە فڕۆکەخانەیەک داوای کرد کە نابێت هەموو ئەو زانیارییانەی لە سۆشیاڵ میدیای ئێرانییەوە بڵاودەکرێنەوە بە راست وەربگیرێن. ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای دەنگۆی جێهێشتنی هۆڵی کۆبوونەوەکان لەلایەن شاندی ئێرانەوە، گفتوگۆکان بۆ ماوەی 9 کاتژمێری دیکە بەردەوام بوون.
لەبارەی هەڵسوکەوتی دیپلۆماتکارانی ئێران و ئەو دەنگۆیانەی باس لە رەتکردنەوەی تەوقەکردن لەگەڵ جێگری سەرۆک دەکەن، ڤانس گوتی: "من کاتێکی زۆرم لەگەڵ ئێرانییەکان بەسەر بردووە، هەندێک جار وەک دانوستانکار زۆر ئاڵۆز و سەرلێشێوێنەرن، بەڵام ئێمە هەست دەکەین کە بەرەوپێشچوونێکی باشمان هەیە".
جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان چەمکی ئازادی رادەربڕین لە ئەمریکا و ئێران، بەڵام واشنتن بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی گونجاو لەم خولەی دانوستانەکاندا.