سعوودیە خوازیارە لە کەرتی وزەی عێراق کاربکات
لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی کۆمپانیا سعوودییەکانیش لە کەرتی وزەدا کار بکەن
K24 - هەولێر
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پلان هەیە لە سێ پارێزگا وەبەرهێنان لە گاز بکرێت و کۆمپانیاکانی چینی و ئەمەریکی و فەرەنسی کارەکان بکەن. ئاشکراشی دەکات لە گفتوگۆدان بۆ ئەوەی کۆمپانیا سعوودییەکانیش لە کەرتی وزەدا کار بکەن.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە رێژەی 50٪ تاوەکو 60 وەبەرهێنان لە گازدا دەکەن، بە جۆرێک قەبارەی وەبەرهێنان بۆ گەیشتووەتە 1500 ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە، کە بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەت پلانێکی داڕشتووە و لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە سەرجەم گازی پارێزگای میساندا بکەن، هەروەها رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای بەیکەر هیوزی ئەمەریکی کراوە کە باڵێکی کۆمپانیا جی ئەی ئەمەریکییە کراوە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە سەرجەم گازی پارێزگای زیقاردا بکات. لەهەمانکاتدا لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی هەیە، تا وەبەرهێنان لە گازی بەسرەدا بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوت راشیگەیاند، پێویستی عێراق بۆ گاز رۆژانە دەگاتە سێ هەزار ملیۆن مەتر سێجای رۆژانە، بە جۆرێک خواست هاوشانی بەرزبوونەوەی رێژەی دانیشتووان و رێژەی بەکاربردن ساڵانە زیاد دەکات.
روونیکردەوە، وەزارەتەکەیان لەگەڵ چەندین لایەن لەبارەی وەبەرهێنان لە کێڵگەی عوکاز لە گفتوگۆدایە، لەو بارەشەوە لەگەڵ سعوودییە گفتوگۆیان کردووە، سعوودیە خوازیارە لە چەندین بواردا وەبەرهێنان بکات وەک کەرتی گازی و پێترۆکیمیایی و وەبەرهێنان لە کێڵگەی عوکاز، هەروەها لە پڕۆژەی نەبراسی پیشەسازی پێترۆکیمایی و سەرجەم بوارەکانی وزەدا.