بزوتنەوەی تاڵیبان رابەرێکی نوێی هەڵبژارد

دوای ئەوەی دانی بە کوژرانی رابەری پێشووی نا، دوو جێگریشی بۆ دیارکرد یەکێکیان کوڕی رابەری پێشووترە

K24-هەولێر

بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان دوای ئەوەی دانی بە کوژرانی رابەری پێشووی مەلا ئەختەر مەنسوور نا، رایگەیاند کە رابەرێکی نوێی بۆ خۆی دیار کرد.

بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان لە راگەیەندراوێکدا بۆ یەکەم جار دانی بە کوژرانی مەلا ئەختەر مەنسوور نا و گوتی هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە کە یەکێک لە جێگرانی رابەری پێشوو بوو، جێگەی مەلا ئەختەر مەنسوور دەگرێتەوە و بووە رابەری بزوتنەوەکە.

گوتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان زەبیحوڵڵا موجاهید راشیگەیاند: ئاخوندزادە لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردەکانی تاڵیبان هەڵبژێدرا، کە پێشبینی دەکرێت لە ناوچەیەکی پاکستان گرێدرابێ.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە وەک رابەری نوێی ئیمارەی ئیسلامیی هەڵبژێدرا دوای ئەوەی ئەنجوومەنی شوورای ئیمارەکە بەکۆی دەنگ هەڵیبژارد و ئەندامانی ئەنجوومەنەکە بەیعەیان پێدا".

بزوتنەوەی تاڵیبان گوتیشی: "سیراجەدین حەقانی و مەلا یەعقووب کوڕی رابەری پێشووتری مەلا عومەر وەک جێگرانی ئاخوندزادە  دیارکران".

رابەری پێشووی بزوتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان مەلا ئەختەر مەنسوور رۆژی شەممەی رابردوو لە هێرشیکی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە ویلایەتی بلوچستانی پاکستان لە نزیکی سنووری ئەفغانستان کوژرا.

ئا: ئا ، ف