راهێنەری گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی بانگهێشت نەکرانی سەرهەنگ موحسین هاتە دەنگ
راهێنەری گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی بانگهێشت نەکرانی سەرهەنگ موحسین هاتە دەنگ، دان بەوەدا دەنێت کە شایستەی ئەوەیە بانگهێشت بکرێت.
ئەحمەد جاسم راهێنەری گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی عێراق لە لێدوانێکی لەبارەی بانگهێشت نەکرانی سەرهەنگ موحسین دەڵێت 'هێشتا من سوورم لەسەر ئەوەی سەرهەنگ موحسین شایستەی ئەوەیە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت، چونکە وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەکەی ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد، بەڵام پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن کە پێشوەختە لیستێکی 50 یاریزانی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا و جیهانی نێردرااوە بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی ئاسیا بۆ مۆندیال، کە ناوی پێنج گۆڵپارێزی تێدایە و ئێستا ناتوانرێت لە دەرەوەی ئەو لیستە بانگهێشتی گۆڵپارێز یان یاریزانێکی دیکە بکرێت'.
دوای ئەوەی جەلال حەسەن تووشی پێکان بوو لە شوێنی ئەو بانگهێشتی محەمەد ساڵح گۆڵپارێزی یانەی قوە جەوییە لە شوێنی ئەو دەستنیشانکرا، لەکاتێکدا سەرهەنگ موحسین وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی ئەمانەی بەغدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و زۆرترین کلین شیتی لە خولی نایابی عێراق هەبوو.
راهێنەرەکەی گۆڵپارێزانی هەڵبژاردەی عێراق دەشڵێت 'هەر گۆڵپارێزێک لە هەڵبژاردەی عێراق بانگهێشت بکرێت بە بڕیاری من و بڕوای من بانگهێشت دەکرێت نەوەک کەسی دیکە'.