عامرى هێرشيكرده‌ سه‌ر عه‌بادى

فەرماندەی ميليشياكانى سه‌ر به‌ حەشدی شەعبی، هادى عامرى رەخنەی توندى لە سوپا و حکوومەتی عێراق گرت بەوەی پلانێکی سەربازی تۆکمەیان نییە بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارۆچکەی فەلوجە لە رۆژئاوای عێراق.

K24 – هه‌ولێر:

فەرماندەی ميليشياكانى سه‌ر به‌ حەشدی شەعبی، هادى عامرى رەخنەی توندى لە سوپا و حکوومەتی عێراق گرت  بەوەی پلانێکی سەربازی تۆکمەیان نییە بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارۆچکەی فەلوجە لە رۆژئاوای عێراق.

ھادی عامری کە هاوکات به‌رپرسى رێکخراوی بەدری شیعەیە لە عێراق لە چاوپێكه‌وتنێكدا لەگەڵ کەناڵێکی ئاسمانی عێراق رەخنە لە پلانە سەربازییەکانی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی عێراق دەگرێت لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارۆچکەی فەلوجە.

عامرى رایگەیاند، ئەوان پلانێکی سەربازی توکمەیان نییە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوەندی فەلوجە.

عامری هەروەها رەخنە لە بەغدا دەگرێ بەوەی ھێشتا ئۆپەراسیۆنی فەلوجە تەواو نەبووە، ھێزێکی زۆری لە بەرەکانی دەوروبەری فەلوجە کشاندووەتەوە و رەوانەی دەوروبەری شاری مووسڵی کردوون.

چەند رۆژێک لەمەوبەر جەواد تەڵباوی، گوتەبێژی ملیشیای عەسایب ئەھلی حەق کە یەکێکە لە گرووپەکانی ناو حەشدی شەعبی رایگەیاند، بەھۆی نەبوونی پلانێکی دیاریکراو ئۆپەراسیۆنەکە چەقی بەستووە و داوای لە عەبادی کرد پەلە بکات لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکە و پڕۆسەی رزگارکردنی فەللوجە.