ئەنجوومەن پیران دەنگی بە کۆتاییهێنانی جەنگی ئێرانی دا

ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارنامەیەکی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ و کۆتاییهێنان بە جەنگ دژی ئێران پەسەند کرد. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە کۆشکی سپی لە ناوەڕاستی دانوستانێکی هەستیاردایە لەگەڵ تاران بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.

سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، ئەنجوومەنی پیران بە 50 دەنگی بەڵێ بەرامبەر 48 دەنگی نەخێر، بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە پێشتر لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕیبوو. بڕیارنامەکە فەرمان بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات هێزەکانی ئەمریکا لە هەر جۆرە دوژمنکارییەک دژی ئێران بکشێنێتەوە، مەگەر ئەوەی کۆنگرێس بە فەرمی مۆڵەتی کردەوەی سەربازی پێ بدات.

چەک شوومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران، پێش دەنگدانەکە رایگەیاند، پێویستە کۆمارییەکان لە جیاتی "بۆڵەبۆڵی پشت دەرگا داخراوەکان"، هەڵوێستی کردارییان هەبێت بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە. لەم دەنگدانەدا چوار سێناتۆری کۆماریش چوونە پاڵ دیموکراتەکان، کە ئەمەش وەک شکانی یەکڕیزیی لایەنگرانی ترەمپ لە بابەتە ئەمنییەکاندا دەبینرێت.

لەلایەکی دیکەوە، کۆشکی سپی ئەم بڕیارنامەیە بە "نادەستووری" ناودەبات و هۆشداری دەدات، سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک، پێگەی ئەمریکا لە دانوستانە 60 رۆژییەکەی سویسرا لەگەڵ ئێران لاواز دەکات. مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هاوپەیمانی ترەمپ، ئەم هەنگاوەی بە "مەترسیدار" وەسف کرد.

ئەم پەرەسەندنە سیاسییەی ناو واشنتن هاوکاتە لەگەڵ بوونی ئاستەنگ لە دانوستانەکانی تاران. لە کاتێکدا ترەمپ جەخت لەسەر ئەنجامدانی "بەرزترین ئاستی پشکنینی ئەتۆمی" دەکاتەوە، ئێران رایدەگەیەنێت، رێگە نادات ئەو سایتە ئەتۆمییانەی لە جەنگدا بۆردومان کراون، پشکنینیان بۆ بکرێت. هەروەها محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاندووە، دۆخی گەرووی هورمز هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش جەنگ، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ هێشتنەوەی بە کراوەیی.

ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی پیران، هەرچەندە لایەنی سیمبولی بەسەردا زاڵە و ناچێتە بەردەم سەرۆک بۆ واژۆکردن، بەڵام فشارێکی سیاسیی قورسە لەسەر ئیدارەی ترەمپ کە لەژێر باری گرانیی بژێوی و بەرزبوونەوەی نرخی وزەدایە بەهۆی جەنگەوە.