گرۆسی: بەمزووانە تیمەکانمان پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (IAEA) رایگەیاند، بەمزووانە تیمەکانیان پشکنین بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن. گڕۆسی جەختی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان دیاریکردنی شوێنی ئەو یۆرانیۆمەیە کە بە رێژەیەکی بەرز لە ناو ئێراندا پیتێنراوە.
سێشەممە 23ـی حوزەیرانی 2026، رافایل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بەم زووانە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەستپێدەکەن بۆ دیاریکردنی کاتی وردی پشکنینەکان و رێکخستنی کاروباری تیمە تەکنیکییەکان. گوتیشی: "پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە زووترین کاتدا، باشترین هەنگاوە بۆ هەموو لایەک."
بەڕێوەبەری ئاژانسەکە رایگەیاند، ئێستا گەورەترین کاری ئەوان ئەوەیە دڵنیابنەوە لەوەی ئێران ئەو یۆرانیۆمەی کە بە رێژەیەکی بەرز پیتێنراوە لە کوێ کۆگای کردووە. گڕۆسی روونی کردەوە، "ئێمە وێنا و زانیارییەکمان لایە کە ئەو یۆرانیۆمە لە کوێیە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە ئەوەیە کە دەبێت خودی ئێران بە فەرمی شوێنەکەمان پێ رابگەیەنێت."
دوێنێ دووشەممە، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە ئاژانسی "ئیرنا" راگەیاندبوو، هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانس نێودەوڵەتی ئەتۆم (IAEA) بەپێی رێکارە هەبووەکان دەبێت؛ ئاماژەشی دابوو، لە دانوستانە 18 کاتژمێرییەکەی سویسرا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هیچ باسێک لە دۆسیەی ئەتۆمی نەکراوە و تاران هیچ پابەندبوونێکی نوێی قبووڵ نەکردووە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ بانگەشەکانی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سویسرا رایگەیاندبوو: "ئێرانییەکان رازی بوون پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ ناو وڵاتەکەیان بانگهێشت بکەنەوە."