هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات نێوانیان به‌هێزتر ده‌كه‌ن
هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌سه‌ر ئاستی هه‌مه‌لایه‌نه به‌هێزتر ده‌كه‌ن
K24 – راپۆرتی شیكاری:
وڵاتانی کەنداو گرنگیی زۆریان به پەیوەندییەکانیان داوه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، بەتایبەتی ئیمارات و قه‌ته‌ر و سعوودیە.
ئه‌وان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی میانڕەو لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش په‌یڕه‌و ده‌كات لە پەیوەندییەکانی دەرەوەیدا، به‌ڵگه‌ی روونی ئه‌م سیاسه‌ته‌ش بوونی کۆمپانیا جۆراوجۆره نێودەوڵەتییە فرەڕەگەزەکانە کە به تەنیا لە شارەکانی هەرێمدا ده‌بینرێن.
ئیمارات و وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداویش به‌رده‌وامن له هاندانی كۆمپانیاكانیان بۆ ئه‌وه‌ی له بواره‌كانی وزه و وه‌به‌رهێنانی جۆراوجۆردا. له پشت ئه‌وه‌شه‌وه ئه‌و په‌یوه‌ندییه سیاسی و دیپلۆماسیانه‌یه كه زیاتر گه‌رموگوڕی به بواری ئابووری و وه‌به‌رهێنان به‌خشیوه و زۆرجار له نموونه‌ی پێشڤه‌چوون و گه‌شه‌سه‌ندندا، هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر هێڵی پێشكه‌وتنی ئیمارات داده‌نێرێت كه چۆن له بیابانێكهوه بووه ناوه‌ندێكی گرنگی بازرگانی و ئابووری له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جیهاندا، هه‌رێمی كوردستانیش له ناوچه‌یه‌كی وێرانكراوی ده‌ستی رژێمه‌كانی پێشووی عێراقه‌وه ده‌یه‌وێت ئابوورییه‌كه‌ی به‌هێز بكات و له‌سه‌ر پاشماوه‌ی وێرانكارییهكانهوه ئاوه‌دانیی بگه‌یه‌نێته هه‌موو كه‌رت و سێكته‌ره ژیارییه‌كان.
دوای رووخاندنی رژێمی به‌عس له ساڵی 2003، هەرێمی کوردستان بووژانەوەی ئابووریی بەخۆیەوە بینی، چونكه هه‌م زه‌مینه‌ی له‌باری بۆ سه‌رمایه‌ی ناوخۆیی ره‌خساند، هه‌م هه‌وڵی راكێشانی سه‌رمایه ده‌ره‌كیدا له پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌دا و ئێستاش به‌رهه‌می ئه‌و كۆششه به ئاسانی ده‌بینرێت و زۆرجار له راپۆرتی نێرده و دیپلۆماتكار و میدیا جیهانییه‌كاندا، ناوی هه‌رێمی كوردستان به عێراقه‌كه‌ی دیكه ده‌هێنرێت له گهشهسهندووییدا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان توانیویانه ئاسایش و سه‌قامگیریی هه‌رێمه‌كه بپارێزن، ئه‌وه‌ش فاكته‌رێكی دیكه‌ی سه‌رنجڕاكێش بوو بۆ كۆمپانیا بیانییه‌كان به‌تایبه‌تی وڵاتانی كه‌نداو و ئیمارات تا سه‌رنجی زیاتر بخه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ده‌وڵه‌تی ئیمارات هه‌م كونسوڵخانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه، هه‌م په‌ره‌ی به دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی باڵادا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان. هه‌م له ئاستی ژووره بازرگانییه‌كان و كۆمپانیاكانیدا زۆرتر له‌سه‌ر زه‌وی كوردستان ده‌ركه‌وتن و خۆیان ناساند.
په‌یوه‌ندییه سیاسی و ئابوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئیمارات به په‌یوه‌ندییه‌كی پێشكه‌وتوو و په‌ره‌سه‌ندوو داده‌نرێت له ناوچه‌كه‌دا. چونكه هه‌رێمه‌كه سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو له‌مپه‌ر و كێشه‌ی له به‌غداوه دێته پێشی، هێشتا له پێشكه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندن نه‌وه‌ستاوه و به‌رده‌وامه له كاروانی ئاوه‌دانی و پێشكه‌وتن.
سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ میرنشینی ئیمارات و ئه‌و پێشوازییه گه‌رم و فه‌رمییه‌ی ئه‌بوزه‌بی، ئاماژه‌یه‌كی روونتری به‌هێزی و چه‌سپاویی ئه‌و په‌یوه‌ندییه هه‌مه‌لایه‌نانه‌یه كه به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی روونتر هه‌نگاو ده‌نێن و ناوه‌ستن.
په‌ره‌سه‌ندنی توندوتیژی له عێراق و ناوچه‌كه و رۆڵی هه‌رێمی كوردستان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرووپه تیرۆریستییه‌كان و رۆڵی پێشمه‌رگه له تێكشكاندنی داعش، بۆ وڵاتانی كه‌نداو و ئیمارات زۆر گرنگ و پڕبایه‌خن، تا ئاستی ئه‌وه‌ی له‌ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كۆببنه‌وه و له‌و رۆڵ و قه‌ڵغانه‌ی هه‌رێمی كوردستان باشتر تێده‌گه‌ن له ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌كانی خۆیاندا.
له به‌رامبه‌ریشدا ئابوورییه بەهێزهكهی وڵاتانی کەنداو بۆ هەرێمی کوردستان گرنگه و توانا و شاره‌زایی وڵاتانی كه‌نداویش بۆ بوژاندنه‌وه‌ی زیاتری هەرێمی کوردستان پێویستن.
له سه‌ركه‌وتنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا ئابووریی رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌یه، هه‌رێمی كوردستانیش ناوچه‌یه‌كی له‌باره بۆ وه‌به‌رهێنان له هه‌موو كه‌رت و سێكته‌ره‌كاندا به‌تایبه‌تی وزه و خانووبه‌ره و گه‌شتیاری، له‌م خاڵه‌شدا كوردستان و ئیمارات زووتر ده‌توانن به یه‌ك بگه‌ن و په‌ره به په‌یوه‌ندییه‌كانیان بده‌ن.
دۆخی هه‌رێمایه‌تی و مه‌ترسییه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو له هه‌ژموونی ئێران له عێراق و ناوچه‌كه، وایكردووه زیاتر به ته‌نگ به‌ڵانسی هێزهوهبن و دۆخه‌كه نه‌گاته ئاستی په‌راوێزبوونی پێكهاته و لایه‌نه‌كانی دیكه له به‌رامبه‌ر هه‌ژوونی به‌ره‌ی ئێران‌دا. ئه‌م لایه‌نه‌ش به‌لای ئیمارات و وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداوه‌وه له‌وانه‌یه پرسێكی ستراتیژی و گرنگ بێت و به به‌شێك له ئاسایشی وڵاته‌كانی خۆیانی بزانن.
جیا له‌وه‌ش هه‌رێمی كوردستان پێویستی به هاوپه‌یمانی زۆرتر هه‌یه له ناوچه‌كه‌دا و به‌هۆی هاوسه‌نگی له په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانیدا نایه‌وێت هێلكه‌كان هه‌مووی بكاته سهبهتهیهكهوه.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان میوانی وڵاتێكه، كه خێرا پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی كرد و ده‌ستی به وه‌به‌رهێنان كرد تێیدا و نزیكه‌ی 11 ساڵیش ده‌بێت كونسوڵگه‌ریی گشتیی هه‌یه له هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان. دیدار و گفتوگۆكانی ئه‌بوزه‌بیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دایه بۆ ئه‌وه‌ی له بواره‌كانی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسی هه‌نگاوی زیاتر هه‌ڵبگیرێت به ئاراسته‌ی خزمه‌تكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا.