ئایا مامەڵەکردن بە دراوی دیجیتاڵیەوە حەرامە؟
ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان وەڵام دەداتەوە
K24 - هەولێر:
د. عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان لەبارەی مامەڵەکردن بە دراوە دیجیتاڵیەوە گوتی: شەرع بابەتیانە لەم دراوە دیجیتاڵیانە دەڕوانێت.
د. عەلی قەرەداغی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی قەتەر گوتی " تێڕوانینی شەرع بۆ دراوە دیجیتاڵیەکان تێڕوانینێكی بابەتیانەیە، لە چاوی شەریعەتەوە دراو یان دەبێت بەهاکەی لە خۆیدا بێت وەک زێڕ و زیو کە ئەمە هیچ گرفتێکی تێدا نییە، یان دەبێت دەوڵەتێک لە پشتی دراوەکەوە بێت، لەم تێڕوانینەوە دەبینین کە بیتکۆین و براکانی دراوێکی کانزایی نین."
د. عەلی قەرەداغی گوتیشی " بیتکۆین و براکانی دراوێکی کانزایی نین لەبەرئەوەی خۆیان هیچ قازانجێکیان نییە، قازانجەکەشیان تەنها لە کاتی ئاڵوگۆڕدایە، لەهەمانکاتدا دراوێك نییە کە دەوڵەتێک لە پشتیەوە بێت، پشکێکیش نییە کە بە رێکەوتن دروستکرابێت، تەنانەت مافێکی داراییش نییە."
ئەمینداری گشتی یەکێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان ئاماژەی بەوەشدا، گومان لەوەدا نییە کە دراوە دیجیتاڵیەکانی بیتکۆین و هاوشێوەکانی بەرنامەی پێشکەوتوون، بۆیە حوکمی مامەڵەکردن بەم دراوانەوە لەڕووی شەرعەوە، دوای توێژینەوەیەکی چڕ، ئەوەیە کە وەبەرهێنان لەم دراوانەدا حەرامە، بەڵام حەرامکردنەکە پێی دەوترێت "تحريم الوسائل".
د. عەلی قەرەداغی گوتی: "تحريم وسائل" سووکترین جۆری حەرامکراوەکانە، لەبەرئەوەی ئەم حەرامکراوە بۆ ریباخواردن نییە و بۆ هەڵگرتنی پارەیە."
لە کۆتایی قسەکانیدا د. عەلی قەرەداغی باسی لەوە کرد، داوای کردووە کە دەوڵەتە ئیسلامیەکان دراوە دیجیتاڵییەکان لەخۆبگرن و خۆیان کۆنترۆڵی بکەن، وەك چۆن چین دراوی وەنکۆین و ڤەنزوێلا دراوی پترۆکۆین بەکاردەهێنن.
ما هو حكم الشرع في التعامل بالعملات الرقمية والمشفرة؟
— تلفزيون قطر (@QatarTelevision) February 15, 2022
الدكتورعلي القرة داغي، الأمين العام للاتحاد العالمي لعلماء المسلمين يجيب#تلفزيون_قطر pic.twitter.com/MbYpvgQSgv
H.H