وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق نوێنه‌ری سوید له‌ به‌غدا بانگهێشت ده‌كات

"به‌هۆی سووتاندنی قورئانی پیرۆز په‌یامی ناڕه‌زایه‌تیی حكومه‌تی عێراق پێده‌گه‌یه‌نێت"

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق

K24

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، نوێنه‌ری سویدیان له‌ به‌غدا بانگهێشتكردووه‌ و به‌هۆی سووتاندنی قورئانی پیرۆز له‌لایه‌ن "توندڕه‌وان"ی سویدییه‌وه‌ په‌یامی ناڕه‌زایه‌تی حكومه‌تیان عێراقی راده‌ستكردووه‌.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، "نوێنه‌ری شانشینی سویدمان له‌ به‌غدا بانگهێشتكردووه‌ و ناڕه‌زایه‌تی حكومه‌تی عێرامان پێداوه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك توندڕه‌و كه‌ له‌لایه‌ن (راسمۆس پاڵۆدان)ـه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێن، كۆپییه‌كی قورئانی پیرۆزیان سووتاند، ئه‌مه‌ش وه‌ك گێچه‌ڵكارییه‌ك به‌ هه‌ستی موسڵمانان و زیانگه‌یاندنێكی زۆر هه‌ستیارانه‌ به‌ پیرۆزییه‌كانیان".

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا جه‌خت له‌وه‌ كراوه‌ته‌وه‌، "هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌ما مرۆییانه‌یه‌، كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر كرۆكی ئایینه‌كان هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ بنه‌مای داننان به‌ ئایینه‌كانی دیكه‌ یه‌كناگرێته‌وه‌، ئه‌و كاره‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی مه‌ترسیداری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی سوید و موسڵمانان به‌ گشتی ده‌بێت، جا چ له‌ وڵاتانی ئیسلامی و عه‌ره‌بی بێت، یانیش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ موسڵمانه‌كانی ئه‌وروپا بێت".