لە رووسیا پێداگری لەسەر دروستکردنی سوپایەکی 7 ملیۆن کەسی دەکرێت

K24 – مۆسکۆ

سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات لە رووسیا رایدەگەیەنێت، بۆ دڵنیابوون لەو مەترسیانەی هەن، وڵاتەکەیان پێویستی بە سوپایەکی 7 ملیۆن کەسی هەیە.

لیانید سلوتسکی سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی رووسیا، پێداگری لەسەر دروستکردنی سوپایەکی گرێبەست دەکات، کە لانیکەم 7 ملیۆن کەسی لەخۆبگرێت. لیانید سلوتسکی، لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا لەسەر ئەم بابەتە نووسیویەتی: "زۆر خۆمان لە خوێنڕشتن بەدوور گرت، بەڵام بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی ئاسایش پێویستمان بە سوپای گرێبەست هەیە کە زیاتر لە 7 ملیۆن کەس بێت".

سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات لە رووسیا ئاماژەی بەوەشکردووە: "رووسیا پێویستی بە گرووپی ڤاگنەر و هاوشێوەکانیان نییە، لە سوپادا کێشە هەیە و پێویستە چارەسەر بکرێت، بەڵام نەک لە رێگەی گرووپگەلی وەک ڤاگنەر".

لیانید سلوتسکی
لیانید سلوتسکی

ئەوە لەکاتێکدا گرووپی سەربازی ڤاگنەر رۆژی 24/6/2023 لە رووسیا هەڵگەڕایەوە و رایانگەیاند، کە لەمەودوا دژی رووسیا شەڕ دەکەن، بەڵام دوای کەمتر لە 24 کاتژمێر بە نێوەندگیری بیلارووس رێککەوتنیان واژۆکرد.