رێژەیەکی زۆری بەرهەمی ئەمساڵی کشتوکاڵی کەرکووک خراپ بووە
K24 – کەرکووک:
ئەمساڵ 75%ـی بەرهەمی شووتی ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای کەرکووک خراپ بووە ، جووتیاران دەڵێن کەشوهەوا هۆکارە، بەو هۆیەشەوە بارێک شووتی کە نزیکەی پێنج تۆنە بە کەمتر لە 400 هەزار دینار دەفرۆشرێت، جگە لە کێشەی رێگەوبانەکان و باج و سەرانەی بازگەکان کە بووەتە هۆکاری بێزاری و وازهێنانی بەشێک لەجووتیاران لەکاری کشتوکاڵی.
سەڵاح محەممەد، جووتیار، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، وەرزی شووتی ئەمساڵ 75%ـی خراپ بوو، تەنیا بە رێژەی %25ـی بەرهەمەکەی باش بووە، ئەوەیدیکەیان بە زیان بۆ جووتیاران کۆتایی پێهات، هۆکارەکەش کەشوهەوایە کە بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە بەرهەمی شووتی ناکات.
هیوا ستار، جووتیارێکی دیکەی پارێزگای کەرکووک، بۆ کوردستان24، گووتی: "رۆژ بە رۆژ ژیانی خەڵک قورس دەکەن لێرە، لە هیچ یاسایێک نەبووە کە پارە لە چووتیار بسێندرێت، لە فرۆشتنی هەر بارێک شووتی 50 هەزارم لێ وەردەگرن".
شوتی بەرووبوومێکی هاوینەیە و پێویستی بە پلەی گەرمای بەرز هەیە بەهۆی سوودە تەندروستییە زۆرەکانی خواست لەسەری زۆرە، شووتی رێژەیەكی زۆر لە ماددە خۆراكییە بەسودەكانی تێدایە بۆ لەشی مرۆڤ کە %85 ی ئاوە، %10 شەكر و پڕۆتین و رێژەیەكی كەم لە چەورییەكان و ڤیتامینەکانی ئەی و سی و بی شەشی تێدایە.
نزیکەی 1200 جۆری شووتی لەجیهاندا بوونیان هەیە ، لەمدواییە شووتی چوارگۆشەو بێ ناوک و ناو زەرد و چەندین جۆری دیکە دەرکەوتوون ، ئەگەرچی ئەمساڵ بەرهەمی شووتی باش نەبوو بەڵام بەپێی پۆلین کردن بێت باشترین و بەتامترین جۆری شووتی لەعێراق و هەرێمی کوردستانە.