ترەمپ: ئێران بە داخستنی گەرووی هورمز لە رووی داراییەوە هەرەس دەهێنێت
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئێران بەهۆی لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز لە رووی داراییەوە هەرەس دەهێنێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی: "ئێران لە رووی داراییەوە خەریکە هەرەس دەهێنێت! ئەوان دەیانەوێت دەستبەجێ گەرووی هورمز بکەنەوە." ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆماری ئیسلامی ئێستا بەدەست "کەمیی نەختینە و پارەی کاشەوە" گرفتار بووە."
سەرۆکی ئەمریکا پێشتر باسی لەوەش کردبوو کە تاران تەنیا بۆ پاراستنی شکۆی خۆی پشتگیری لە داخستنی گەرووەکە دەکرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی گەمارۆ و ئابڵۆقەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی، ئێران لە بارودۆخێکی ئابووریی زۆر سەختدایە.
دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، تاران گەرووی هورمزی بە رووی کەشتییە بازرگانییەکاندا داخست، بەڵام دوای بەرێوەچوونی گەرێکی دانوستانەکان لە پاکستان، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر گەرووی هورمز کرایەوە، دواتر جارێکی دیکە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە داخرایەوە، هەروەها داخستنی گەرووی هورمز بووەتە هۆی بەرزبوونەوە نرخی نەوت و گاز لە بازاڕەکانی جیهان، چونکە لە سەدا 20 بازرگانی نەوتی جیهانی بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت.
هەروەها دۆناڵد ترەمپیش لە بەرانبەر داخستنی گەرووەکە گەمارۆی دەریایی خستە سەر ئێران و ناهێڵێت هیچ کەشتییەکی بازرگانی تاران هاتوچۆ بکات. بەمەش ئێران ناتوانێت بەرهەمی نەوتی هەناردە بکات.