مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا: ملکەچی هیچ لایەنێک نابین

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "خەڵکی کوردستان ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانە نابێت، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری". دەشڵێت، "بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێلدەکرێن".

ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی ئەیلوولی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار تۆم کیمج کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی کەنەدای کردووە بۆ هاریکاری و پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش.

 

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر

 

لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی عێراق، وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی دەکات، هەرێمی کوردستان، "هەموو پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە، بەڵام جێی داخ و نیگەرانییەکی زۆرە، کە بە شێوەیەکی زۆر ناڕەوا و بە پێچەوانەی دەستوور، مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکرێن".

 

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر

 

یاسای بودجەى گشتی عێراق بۆ سێ ساڵە (2023، 2024 و 2025) و لە رۆژی 12ـی حوزەیرانی 2023، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسەند کرا. رۆژی 26ـی حوزەیران، یاساکە لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. کۆی گشتیی بڕە پارەی یاساکە 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.67 کە دەکاتە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار، دیاریکراوە.

بە گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، "ڕێز لە ڕێککەوتنی نێوانی لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەتی عێراق و ئەجێندای حکومەتیش ناگیرێت کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا."

مەسرور بارزانی دووپاتیدەکاتەوە، خەڵکی کوردستان "بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی نابێت و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی ئەو لایەنانەش نابێت، کە دەیانەوێ عێراق بگەڕێننەوە سەردەمی دیکتاتۆری و زەبرو زۆر و چەوساندنەوەی گەلی کوردستان."

 

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر

 

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، سەرۆکی شاندی پەرلەمانتارانی کەنەدی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی گرووپی پەرلەمانتارانی دۆستی کورد لە پەرلەمانی کەنەدا خستەڕوو کە لە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی زۆرینەی پارتەکانی کەنەدا پێکهاتووە و ئامانجیان پشتیوانیکردنی دۆزی کورد و پەرەپێدانی پەیوەندیی کەنەدا و هەرێمی کوردستانە .

شاندەکە هەروەها ستایشی دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادی ئایینی و ئازادی ڕاگەیاندنی لە هەرێمی کوردستان کرد کە هاوشێوەی ئەو ئازادییانەیە کە لە کەنەدا هەن.

 

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا لە هەولێر

 

ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

دوێنێ یەکشەممە، 3ـی ئەیلوولی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 500 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام وەکو ئەوەی پێشەوا هەورامی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی پێ دا، بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تاک لایەنانە دراوە و ڕای حکومەتی هەرێم لە ناردنی ئەو بڕە پارەیە وەرنەگیراوە.

بە گوتەی پێشەوا هەورامانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری قسەیکردووە "بۆئەوەی لەو پارەیەیی دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەولەویەت بۆ مووچە بێت و رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار دەدات".

هەر لەو کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەدا ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانی شاندی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق "ئەنجامێکی ئەوتووی نەبووە، دواتر بەداخەوە هاتەوە سەر ئالییەتی قەرز، بە ئالییەتی قەرزیش کە 500 ملیار دینارمان بۆ دانراوە، پێویستییەکانی ئێمە پڕناکرێتەوە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران پێویستی بە 940 ملیار دینارە. ئاوات شێخ جەناب دەڵێت: "ئێستا داهاتی نەوتمان نەماوە، داهاتی نانەوتیش هەمووی بۆ حکومەتی فیدراڵی هەژمار دەکرێت. ئێمە مانگانە نزیکەی 320 ملیار دینار داهاتی نانەوتی هەمان هەیە کە بۆ هەموو پێداویستییەکانی هەرێمە، ئەو بڕە پارەیە لەگەڵ 500 ملیار دینارەکەی بەغدا، مووچەی هەمووان دابین ناکات".