پەیامنێری کوردستان24: دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا
K24 – بەغدا:
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.
بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق و سووردبوونی هەردوو کاندید کە لە گەڕی یەکەم زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنابوو (شەعلان عەبدولجەبار و سالم عیساوی) بۆ بەردەوامبوون لەسەر خۆکاندیدکردن و چوونە کێبڕکێ لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکان لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی بڕیاردرا کە دانیشتنەکە بەکراوەیی بۆ کاتێکی نادیار هەڵبگیرێت.
بەگوێرەی کارنامەی دانیشتنی رۆژی شەممە (13ـی کانوونی دووەمی 2024)ـی پەرلەمانی عێراق، وابڕیاربوو کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی بەرێوەبچێت بەڵام بەهۆی بەردەوامی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان و تەواونەکردنی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی پەرلەمانتاران، کۆبوونەوەکە زیاتر لە دوو کاتژمێر دواکەوت.
بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق پێنج پەرلەمانتار خۆیان کاندید کردبوو، ئەوانیش بریتی بوون لە سالم عیساوی لە هاوپەیمانی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، مەحموود مەشهەدانی لە هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائی، شەعلان کەریم لە حزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و هەریەکە لە پەرلەمانتاران تەڵاڵ زەوبەعی و عامر عەبدولجەبار.
ئەنجامی گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق بەم شێوەیە بوو، شەعلان عەبدولجەبار (152 دەنگ)، سالم عیساوی (97 دەنگ)، مەحموود مەشهەدانی (48 دەنگ)، عامر عەبدولجەبار (6 دەنگ) و تەڵاڵ زەوبەعی (یەک دەنگ)، هەروەها 10 دەنگی بەتاڵیش هەبوو.
نوێدەکرێتەوە..