مادان گۆپال: پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و چاوەڕێین زیاتر بەرەوپێشی ببەین

مادان گۆپال، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر
مادان گۆپال، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر

K24 – هەولێر:

کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر، رایگەیاند، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زۆر باشن و لەڕووی ئابووری و کولتوورییەوە بەرەوپێشچوونە و کۆمپانیاکانی هیندستان بەشدارییان لە پێشانگە بازرگانییەکانی هەولێر کردووە.

ئەمڕۆ هەینی (26ـی کانوونی دووەمی 2024) مادان گۆپال، کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، چاوەڕێین زیاتر بەرەوپێشی ببەین، هەروەها، هونەرمەندی کورد سەردانی هیندستانی کردووە و هونەرمەندی هیندیش سەردانی  کوردستانی کردووە.

کونسوڵی گشتی هیندستان لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، لەرووی کولتوورییەوە سەردانی زۆر باشمان هەبووە، لەڕووی ئابووری و بازرگانییەوە بە هەمان شێوە بەرەوپێشچوونمان هەیە، چەندین کۆمپانیای هیندی دێن و بەشداری لە پێشانگە بازرگانییەکانی هەولێر دەکەن.

مادان گۆپال، گوتیشی: کۆمپانیا کوردییەکانیش بەشداری لە پێشانگە بازرگانییەکان لە هیندستان دەکەن، هەفتەی رابردوو شاندێکی سەرمایەدارانی کوردستان سەردانی هیندستانیان کرد و بەشدارییان لە چەندین بۆنە کرد".