شاندێکی وەزارەتی تەندروستی بۆ پەرەپێدانی توانا و ئاستی زانستی تاقیگەکان لە ئەمەریکایە
K24 – واشنتن:
وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک لە ئەمەریکایە و لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا چەند دیدارێکیان لەبارەی بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی ترسناكی بایۆلۆجی و سەلامەتی و ئاسایشی تەندروستی دەبێت، کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و پەرەپێدانی توانای تاقیگەکانە.
رۆژی هەینی (29ـی ئاداری 2024) سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: بە مەبەستی بەشداریکردنی زیاتر لە پرۆگرامەکانی پەرەپێدانی تواناکان و تاقیگەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و وەرگرتنی پشتیوانی و پێشکەوتنەکانی جیهان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە بایۆلۆجی و کیمیاییەکان و رێگریکردن لە تەشەنەکردنیان.
سامان بەرزنجی وەك سەرۆكی لێژنەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە بایۆلۆجیەکان لە هەرێمی کوردستان(KBMC) بەشداری زنجیرەیەك كۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریکا دەکات تایبەت بە بەرنامەی بەرەنگاربوونەوەی ترسناكی بایۆلۆجی و سەلامەتی و ئاسایشی تەندروستی، لەپێناو سەلامەتی و ئاسایشی تەندروستی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگەگرتن لە ترسناكە بایۆلۆجیەكان و تەشەنەكردنی ھۆکارە بایۆلۆجیەکانی نەخۆشیە گواستراوەکان.
هەروەها وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، کەرتی تەندروستی سنووری نییە بۆیە بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەو بوارە گرنگە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ئەو پەتا و نەخۆشییە گوازراوانەی مەترسی نێودەوڵەتییان هەیە، بۆیە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانیش پشتیوانی تەواوی وەزارەتی تەندروستی کردووە بۆ بەهێزکردن و دامەزراندنی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ دامەزراوە و رێکخراوە تەندروستییەکان.
هاوکات وەزیری تەندروستی جەختیکردەوە، سه‌رۆكی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا فراوانتر كردووه و ئه‌م سه‌ردانه‌شیان هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دایه و له‌م سه‌ردانه‌شدا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه، ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته له‌باره‌ی مه‌ترسییه بایۆلۆجییه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه و بڕیاره له كاته‌كانی داهاتووش ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی دیكه ئه‌نجام بده‌ن و گوتیشی: ئه‌مه‌ریكا به گرنگییه‌وه له‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانێت.
ئەم سەردانەی وەزیری تەندروستی لەسەر بانگهێشتنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و بەهەماهەنگی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتنە و لە چوارچێوەی گرنگیپێدانی ئەمەریکایە بۆ بەرزکردنەوەی توانا و ئاستی زانستی تاقیگەکانە.