لەگەڵ هاتنی مووچە خاوەنی زۆر بۆ پەیدابووە؛ کێ هۆکاری ناردنی مووچە بوو لە بە‌غداوە؟

K24 – هەولێر:

زۆرێک لە حزبەکان هاتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیان کرد بە دەستکەوتی خۆیان، لەکاتێکدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە هەوڵدابوو بۆ چەسپاندنی شایستە داراییەکانی خەڵكی هەرێمی کوردستان، کەچی ئامادەنەبوو دەستکەوتەکە بە کەسی بکات و بەڵکو دەستکەوتەکەی بۆ هەردوو تیمی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان گەڕاندەوە. لەلایەکی دیکەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بە روونی رایگەیاند کە ئەوان مامەڵەی فەرمی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

لە بەدواداچوونێکدا، نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەکردووە: مووچە تا دوێنێ کە دەنگی نەبوو هەمووانیش لە بەرامبەریدا بێدەنگ و دەستەوەستان بوون، ئێستا کە دەنگ و رەنگی هەیە، خاوەنیشی زۆر بووە. هەر حزبە و میدیاکەی پڕکردووە لە بانگەشەی ئەوەی کە ئەو هۆکاری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بووە لەلایەن بەغداوە.

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش لە ریزی پێشەوەی ئەو حزبانە دێت کە بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ئەوان هۆکاربوون بۆ ناردنی مووچە و لەلایەن خۆیەوە، حەیدەر محەممەد، کادیری یەکگرتوو دەڵێت: ناردنی مووچە پەیوەندی بە سکاڵایەکی ئەوانەوە هەیە.

ئەگەر چی حزبەکان لە رەنگ و سیاسەتدا جیاوازن، بەڵام بانگەشەکانیان هەمان شتە، پشکی شێر بۆ خۆیان دەگەڕێننەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی دیکەی ئەو حزبانەیە و دەڵێت سەرۆکی حزبەکە رۆڵی سەرەکی بینیوە لە چارەسەرکردنی کێشەکە.

لەوبارەیەوە، سەڵاح باپیر، گوتەبێژی مەڵبەندی سێی یەکێتیی ئاماژەی بەوەکرد: بەهۆی پەیوەندی بەهێزی ئەوان لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی هەمانگی و سەردانیکردنی چەند جارەی سەرۆکی حزبەکەیان بۆ بەغدا، رۆڵی گەورەی هەبوو لە رازیکردنی بەغدا بۆ ناردنی مووچە.

بانگەشەی حزبەکان زۆرن و کۆتاییان نایەت، بەڵام چیرۆکە راستەقینەکە لەناو ئەنجوومەنی وەزیران و دۆسیەکانی بەردەم سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە، کاتێک دوای چەندین ئاستەنگی دروستکراو، سەرۆکوەزیران ئامادەنەبوو دەستبەرداری مافی خەڵكی هەرێمی کوردستان بێت، بەردەوام لەسەر هێڵ بوو تا وایکرد بەغدا مووچەی فەرمانبەران بنێرێت.

هاوکات رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران رایگەیاند: هاتنی مووچە بەهۆی رۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بووە بە تایبەتی بەهۆی پەیوەندی بەردەوامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەرپرسانی باڵای شیعە، باڵیۆزی ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان بە پشوودرێژی و ماندوونەناسانە کاری کرد بۆ دابینکردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی (27ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی و ئابووریی راسپارد بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و ئامادەکاری بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی ئادار و مانگەکانی  دواتریش، وەزارەتەکە لە ماوەی هەفتەیەکدا، مووچەی مانگی شوباتی دابەشکردن و لیستی مووچەی مانگی ئاداریشی ئامادەکرد و ناردە بەغدا.

دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات لە رۆژی شەممە (30ـی ئاداری 2024) دەستیپێکرد و لە رۆژی پێنجشەممە (4ـی نیسانی 2024) کۆتایی بە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە هات.

هەروەها رۆژی شەممە (6ـی نیسانی 2024) پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار دەستپێدەکات و بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەش دەکرێت. لە هەمان کاتیشدا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی ژمێریاری سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی حکوومەتی راسپاردووە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی نیسان بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا لە دوای جەژنی رەمەزان، رەوانەی بەغدای بکات.

هاوکات رۆژی چوارشەممە (3ـی ئاداری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، "دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت".