ئوستراليا له‌ باره‌ى رزگاركردنى موسڵه‌وه‌ هۆشدارى ده‌دات

وەزیری بەرگری ئوستراڵیا، ھۆشداری دەدات بەوەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، رەنگە چەکدارانی داعش بڵاو بکاتەوە بە ناوچەکانی دەووروبەر و وڵاتانی ئەوروپادا.

K24– هه‌ولێر:

وەزیری بەرگری ئوستراڵیا، ھۆشداری دەدات بەوەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، رەنگە چەکدارانی داعش بڵاو بکاتەوە بە ناوچەکانی دەووروبەر و وڵاتانی ئەوروپادا.

ماریس پاین، وەزیری بەرگری ئوستراڵیا، رایگەیاند، ھێزی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی پێویستە بە ئاگا بن لەوەی لەدوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ کە بنکەیەکی بەھێزی داعشە لە عێراق، چەکدارە بیانییەکانی داعش لەو شارە ھەڵنەیەن و بە ناوچەکە و وڵاتانی رۆژئاوادا بڵاوببنەوە.

داواشیکرد، ھێزی ھاوپەیمانان پلانێکی فراوانی سەربازی ھەبێت بۆ شاری موسڵ لەدوای رزگارکردنەوەی.

وەزیری بەرگری ئوستراڵیا گوتیشی: بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەوان، ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، تا کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.

ئاشکراشیکرد، لە کۆبوونەوەکانی ھێزی ھاوپەیماناندا بۆیان ئاشکرا بووە، ژمارەیەکی زۆر چەکداری بیانی لەناو موسڵ ھەن و رەنگە لەدوای دەستپێکردنی ئەو ئۆپراسیۆنە، ھەوڵبدەن ئەو شارە بەجێبێڵن و روو لە وڵاتانی دەووروبەری عێراق بکەن.