د. محەممەد حوسێن: دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی- کوردستانی، دەرفەت بۆ مامۆستایان و قوتابیان دەڕەخسێنێت
K24 - هەولێر:
سەرۆکی لیژنەی باڵا لە دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی – کوردستان ڕایگەیاند، ئامانجی دیدارەکە، "هەماهەنگی و پەرەپێدانی توانای زانستی و ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ مامۆستایان و توێژەران و قوتابیان بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی زانکۆکانی یەکتر وەربگرن".
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئایاری 2024، د. محەممەد حوسێن، پڕۆفیسۆری یاردەدەر و سەرۆکی لێژنەی باڵا، لە دیداری خوێندنی باڵای ئوردنی – کوردستان، بە ئامادە بوونی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، مایەی خۆشحاڵییە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، میوانداری ئەم دیدارە لە هەرێمی کوردستان دەکات، لەژێر ناونیشانی "وێنا کردنی ئایندە، لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەردەوام" کە دیدارێکی زانستی و ئەکادیمییە.
بەگوتەی ئەو، "بۆ یەکەم جارە لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی شانشینی هاشمیی ئوردن، بەڕێوە دەچێت. بەمەبەستی دروستکردنی پردی ئەکادیمی، لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ئوردن، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونی خوێندنی باڵا لە نێوان هەردوولا".
محەممەد حوسێن گوتیشی: "ڕەخساندنی دەرفەت بۆ مامۆستایان و توێژەران و قوتابیان و خوێندکاران بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی زانکۆکانی یەکتر وەربگرن، بەتایبەت لە بوارەکانی پەرەپێدانی پڕۆگرامەکان و بەکار هێنانی تەکنەلۆجیای سەردەم و توێژینەوەی زانستیی هاوبەش و خوێندنی تەکنیکی پیشەیی و شێوازەکانی وانە گوتنەوە و خولی پەرەپێدانی تواناکان و دڵنیایی جۆری و بەخشین و خوێندنی پزیشکی، بەستنەوەی خوێندن بە بازاڕی کارەوە و بوارەکانی دیکەی تایبەت بە خوێندن."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-05-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیداری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و ئوردن لەژێر ناونیشانی (وێناکردنی ئایندە لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێری پایتەخت، بە بەشداریی شاندێکی باڵای وەزارەتی خوێندنی باڵای ئوردن و ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی ئوردن و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت گوتارێکی پێشکەش کرد وجەختی لەوە کردەوە، "پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامهزراوه ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمانن و دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه یارمهتیدهری پرۆسهی گهشهپێدانی ژێرخانی ئابووریمان".