وەزارەتی کارەبا داشکاندنی بە رێژەی 50% بۆ قەرزی کۆنی کارەبا راگەیاند
وەزارەتی کارەبا وادەی دانەوەی قەرزی کۆنی راگەیاند
بڕیارێکی نوێ بۆ داشکاندنی یەکجارەیی پارەی کەڵەکەبووی کارەبا راگەیەنرا، بڕیارەکە لێخۆشبوونی 50% بۆ ماڵان و 25% بۆ شوێنە بازرگانییەکان لەخۆدەگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، داشکاندنێکی نوێی بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی "رووناکی" راگەیاند.
داشکاندنەکە بە رێژەی 50% بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەبێت، هاوکات رێژەی 25% بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و حکوومی دەبێت، جگە لە هاوبەشە پیشەسازییە زۆر گەورەکان بەهۆی هەبوونی هێڵی تایبەت بە خۆیانەوە.
بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە، هاوبەشان پێویستە هەموو بڕی پارە کەڵەکەبووەکە بە یەکجار بدەن و بڕیارەکە پارەدانی بەش بەش ناگرێتەوە. خێراترین رێگە بۆ پارەدان بریتییە لە (ئی-پسوولە) بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دووربکەونەوە لە قەرەباڵخی هۆبەکانی فرۆشیاری وزە. هاوکات ئەم داشکاندنە پارەدان لەڕێگەی کارمەندانی کۆکەرەوەی پارەی پسوولەی کارەبا ناگرێتەوە.
پڕۆسەکە لە 3ی ئاب دەست پێدەکات و تاوەکو 10ی ئەیلول بەردەوام دەبێت. لە پێناو ئامادەکاریی تەکنیکی بۆ جێبەجێکردنی داشکاندنەکە، بەرنامەی (ئی-پسوولە) لە 30ی تەممووز تاوەکو 3ی ئاب لەکار دەوەستێت.
جەختیش کراوەتەوە، ئەم داشکاندنە بە دوایین دەرفەت دادەنرێت بۆ پاککردنەوەی هەژماری هاوبەشان. دوای 10ی ئەیلول، وەزارەتی کارەبا رێکاری تووند دەگرێتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان بەبێ هیچ داشکاندنێک.