ئۆتۆمبێلێک کەوتە نێو خەرەندی رواندز

لە رووداوێکی هاتوچۆدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئۆتۆمبێلێک کەوتە ناو خەرەندی رواندز و بەو هۆیەشەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تەممووزی 2026، عەقید کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە کوردستان24 رایگەیاند: "کاژێر 10:00ـی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە لە هەبوونی رووداوێکی هاتوچۆ لە خەرەندی رواندز، تێیدا ئۆتۆمبێلێک کەوتووەتە نێو خەرەندەکە."

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، میراودەلی ئاماژەی بەوە کرد، تا ئێستا گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ گیانی لەدەستداوە و دوو سەرنشینەکەی دیکەش بریندار بوون. زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە سەرنشینەکان خەڵکی شارۆچکەی چۆمانن.

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران باسی لە سەختیی پرۆسەی فریاگوزارییەکە کرد و گوتی: "شوێنی رووداوەکە زۆر سەختە و ئۆتۆمبێلەکە لە بەرزیی زیاتر لە 350 مەترەوە کەوتووەتە خوارەوە. بەهۆی توندیی زەبرەکەوە، ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی تێکشکاوە و تابلۆکەی لێ بووەتەوە، بۆیە تا ئێستا جۆرەکەی نەناسراوەتەوە و تەنیا رەنگەکەی دیارە کە رەشە."

ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە شوێنی رووداوەکەدان و سەرقاڵی بەدواداچوونی وردترن بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی سەرنشینی دیکە و پێشکەشکردنی فریاگوزاریی سەرەتایی و هەناسەی دەستکرد بۆ بریندارەکان ئەگەر هەبێت.

خەرەندی رواندز بە یەکێک لە رێگا مەترسیدارەکان دادەنرێت و وەک بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانی سۆران ئاماژەی پێدا، لە ساڵانی رابردووشدا چەندین رووداوی هاوشێوەی تێدا تۆمار کراوە.