سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: لە کاتێکی زۆر نزیکدا کێشەی مووچە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر دەکرێت
K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: دەستخۆشی لە هەموو ئەو لایەنانە دەکەین لە بەغدا کە پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئێمە دەکەن بۆ دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی یەکشەممە (2ـی حوزەیرانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە دوایین سەردانمان بۆ بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەش پشتیوانی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی: لە کاتێکی زۆر نزیکدا کێشەی مووچە بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر دەکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە (30ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردە عێراقییەکان کۆبووەوە و لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لە دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور".