سەرۆکوەزیران ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی تونێلی "زاویتە" دا

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆک دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی تونێلی "زاویتە" داوە و خزمەتێکی بەرچاو پێشکەشی هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە، 06-06-2024، شێرزاد قادر، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی تونێلی "زاویتە" بە گوژەمەی نزیکەی 42 ملیار دینار داوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبانی پارێزگای دهۆک، تونێلی "زاویتە" یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی پارێزگاکە و خزمەتێکی زۆر پێشکەشی هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات. هاوکات کاریگەریی لەسەر بوواژنەوەی کەرتی گەشتیاریش دەبێت.

ڕۆژی دووشەممە، 03-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوەڕەسمێکدا، بەردی بناغەی هەردوو پارکی ئالۆکا و سەرهەڵدان لە گەڕەکی (بەرۆشکێ)ـی شاری دهۆک، بە گوژمەی 131 ملیار و 898 ملیۆن و 515 هەزار دینار دانا.

هەمان ڕۆژ، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی ڕێگەی باعەدرێ-ئێتیت دانا. درێژایی ڕێگەکە 26 کیلۆمەترە و بە گوژمەی 135 ملیار و 584 ملیۆن دینار دروست دەکرێت. بە تەواوبوونی پرۆژەکە، تەواوی ڕێگەی دهۆک – هەولێر دەبێتە دوو ساید.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، "دەستمان بەو ڕێکارانە کردووە لەمەودوا ڕێگاوبانەکان لە هەرێمی کوردستان بە گوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دروست بکرێن". گوتیشی، "بە گوێرەی ئامارەکان، لەم دواییانە ژمارەی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمبووەتەوە و ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە".

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی زیاتر لە یەک ترلیۆن و 100 ملیار دینار، زیاتر لە 971 پرۆژەی لە سنووری پارێزگای دهۆک جێ بەجێ کردووە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر قەزا و ناحیەکاندا دابەش کراون.

زۆرینەی ئەو پرۆژانەی لە ماوەی چوار ساڵی ڕابروودا جێبەجێ کراون، "ئەوانەبوون کە پەیوەندییان بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە هەبوون، واتە لە بوارەکانی ڕێگاوبان، پەروەردە، کارەبا، ئاو و چەند بوارێکی دیکەدا بوون".