جۆن ستۆنز تووشی پێکان بوو

جۆن ستۆنز بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئینگلاند
جۆن ستۆنز بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئینگلاند

کێشەکانی گاریس ساوسگەیت راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند، پێش یارییەکەیان بەرامبەر سویسڕا لە قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆ 2024، روو لە زیادبوونن و ئەمجارەیان جۆن ستۆنز بەرگریکاری سێ شێرەکان تووشی پێکان بوو.

سەرچاوەکانی ئینگلاند بڵاویان کردەوە، بەرگریکارەکەی هەڵبژاردەکەیان سەرەڕای ئەوەی یاریی رابردوو بەرامبەر سلۆڤاکیا لە پێکهاتەی سەرەکی بوو، بەڵام هەر ئەو کات دیار بوو ئەو یاریزانە لە ئەژنۆی پێکانی هەیە و بە ناچاری یاریی پێکراوە. دواجار ئەو پێکانەی تەشەنەی کرد.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن لە راهێنانەکانی ئەمڕۆی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان، ستۆنز لە ئەژنۆی هەستی بە ئازارێکی زۆر کردووە و نەیتوانیوە لە راهێنانەکان بەردەوام بێت، بۆیە ئەگەرێک هەیە ئەو یاریزانە بۆ رۆژی شەممەی داهاتوو بەرامبەر سویسڕا، لە قۆناغی چارەکی کۆتایی یۆرۆ 2024 بەشداری نەکات.

ئەم پێکانەی ستۆنز بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئینگلاند لە کاتێکدایە، بەرپرسانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەم وڵاتە، لە هەوڵی ئەوەدان رێگە بە یوێفا نەدەن، جود بێلینگهام ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەکەیان، بەهۆی دیمە دوور لە وەرزشیەکەی یاریی رابردوو بەرامبەر سلۆڤاکیا سزا نەدرێت.