سروە ڕەسوڵ: توانای مرۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکان بەرزدەکەینەوە

کەمپەین
کەمپەین

بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کەمپینی تایبەت بە خۆبەخشانی تیمی وەڵامدانەوەی خێرا و تیمی وەڵامدەرەوەی یەکەم بۆ تەواوی پارێزگاو ئیدارەسەربەخۆکان ڕێک دەخرێت.

پێنجشەممە 26ـی ئەیلوولی 2024، سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی توانای مرۆیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکان، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاریی تەکنیکی و دەزگای خێرخوازی بارزانی، کەمپینێکی تایبەت بە خۆبەخشانی تیمی وەڵامدانەوەی خێرا و تیمی وەڵامدەرەوەی یەکەم لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان ڕێکخرا.

کەمپینەکە لە 24 تاوەکو 26ـی ئەیلولی 2024 بەردەوام بوو کە تێیدا نزیکەی 90 خۆبەخش لە پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و گەرمیان و زاخۆ بەشدارییان تێدا کرد.

سروە ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان ڕایگەیاند: لە کەمپینەکەدا، بەشداربووان لە بابەتی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی " لافاو، ئاگر، بوومەلەرزە، ترس و ستێرس بوون سوودمەندبوون، لەگەڵ شیکردنەوەی ئۆتۆمبێلی تیمی خێرایی مرۆیی و فریاگوزاری سەرەتایی، دەڵێت: تاکوو ئێستا ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەهاوکاری وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا حەوت تیمی وەڵامدانەوەی خێرای لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان دامەزراندووە، ڕاهێنان و کەلوپەل و ئۆتۆمبێلی تایبەتی بۆ دابین کردوون، هاوکات پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە بەشێوەیەک کەئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی دەیان ڕاهێنەری ناوخۆییە، لەگەڵ ئەوەی سەنتەری تایبەت بەڕاهێنانەکانی لەهەرێم دامەزراندووە کە بەرزکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی توانای خۆڕاگریی و وەڵامدانەوەیە.